٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی و شاندی ئەنەکەسە کۆبوونەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- شاندێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد و لە دیدارێکدا جەختیان لە یەکڕیزیی گەلی کورد کردەوە.

هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازی لە جدعان عەلی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و سەرۆکی نوێنەرایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و شاندی یاوەری کرد.

لە میانەی ئەو دیدارەدا، باس لە دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە کرا و بیروڕا سەبارەت بە دۆخی سووریا بە گشتی و دۆخی کوردستانی سووریا بە تایبەتی، ئاڵوگۆڕ کرا.

هەر لە دیدارەکەدا، جەخت لە تەبایی و یەکڕیزیی گەلی کورد کرایەوە، کە زۆر گرنگە بۆ ئەوەی بتوانرێت سوود لەو دەرفەتانە وەربگرین کە ھاتوونەتە پێش، چونکە دۆخی نێودەوڵەتی گونجاو و لەبارە و پێویستە سوود لەو دۆخە گونجاوە وەربگرین.

هەڵوێستی جەنابی سەرۆک بارزانی و سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، جەختی لەسەر کرایەوە کە بەردەوامبوونە لەسەر یەکهەڵوێستی و کۆدەنگی بۆ بەدەستھێنانەوەی مافەکانی گەلی کوردستان لە سووریا.

ئاماژەشیان بەوە دا، سەردانی نوێنەری جەنابی سەرۆک بارزانی و پێشوازی لە بەڕێز مەزڵوم عەبدی لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە، دەرخەری ئەو باوەڕە نەپساوەن کە پێڕەو دەکرێت بۆ هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان گەلانی ناوچەکە و گەلی کوردستان و پاراستنی ئارامی و ئاسایش.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی، باسی لە گرنگیی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان و ڕووداوەکانی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان کرد و بە هاتنەپێشەوەی دەرفەتێکی گرنگی ناو برد بۆ سەقامگیریی ناوچەکە و کۆتاییهێنان بە بەشێکی زۆری گرفت و کێشەکان.

هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە قۆناغی ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری بۆ بەدەستهێنانەوەی مافە زەوتکراوەکانی گەلی کوردستان تێپەڕیوە، ئەم قۆناغە پێویستی بە خەباتی سیاسی و دیپلۆماسی هەیە تاکو دۆزی گەلەکەمان بە ئامانج بگات.

بەڕێز سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی، جەختی لە هاوکاری و هەماهەنگی کردەوە بۆ خزمەتی خوشک و برایانی ئێمە لە ڕۆژئاوا. شاندی میوانیش سوپاسی ئەو پێشوازی و هاوکارییانەیان کرد و پاڵپشتیی جەنابی سەرۆک بارزانی و پارتییان بەرز نرخاند.

هەواڵی پەیوەندیدار