ئۆزچەلیک بۆ KDP: سەرۆک بارزانی مەرجەعی نەتەوەیی کوردانە

ھەولێر-KDP.info - سەرۆکی گشتیی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK)، تیشکی خستە سەر ڕۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانی لە پرۆسەی ئاشتی و دیالۆگدا و گوتی: "ڕۆڵی سەرۆک بارزانی، ڕۆڵێکی مێژووییە."
مستەفا ئۆزچەلیک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، لەم سەردەمەدا ڕووداو و پێشھاتەکانی ھەر چوار پارچەی کوردستان، کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر یەکتر ھەیە و لەم چوارچێوەیەدا ڕۆڵی سەرۆک بارزانی گرنگتر دەبێت.
ئۆزچەلیک ڕوونیشی کردەوە، سەرۆک بارزانی وەک مەرجەعیەتێکی نەتەوەیی، مەرجەعی ھەموو کوردانی جیھانە.
ناوبراو، ھەروەھا تیشکی خستە سەر ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە پرۆسەی ئاشتیی ساڵانی ٢٠١٣-٢٠١٥ و گوتی، ئەمڕۆش بۆ چارەسەری کێشەی کورد بە ڕێگای ئاشتیانە، سەرۆک بارزانی کاراکتەرێکی سەرەکییە.
ئۆزچەلیک ئاماژەی بەوە کرد، سەردانی ئەم دواییەی شاندی پارتی DEM لەسەر داوای ئۆجەلان و چاوپێکەوتن لەگەڵ سەرۆک بارزانی، ئەم ڕۆڵە گرنگەی سەرۆک بارزانی پشتڕاست دەکاتەوە.
دەشڵێت، پێویستە چاوپێکەوتنەکان بە شێوەیەکی شەفاف بەڕێوە بچن و ھەموو لایەنە کوردییەکان بە یەکھەڵوێستی مامەڵە بکەن. ئەو ڕوونی کردەوە کە بوونی سەرۆک بارزانی لەم پرۆسەیەدا، ھیواکانیان بۆ ڕاگرتنی شەڕ و چارەسەری ئاشتیانە، بەھێزتر دەکات.
کاروان باعەدری




