٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"هه‌رێمی كوردستان بەشدارە لە بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان"

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info- شاره‌زایه‌كی په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان باوەڕی وایه‌، به‌شداریی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنفرانسی میونشن و به‌شداریی سه‌رۆكی حكوومه‌ت له‌ لووتكه‌ی حكوومه‌ته‌كاندا، كاریگه‌ری له‌سه‌ر پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت. ده‌شڵێ، کۆنفرانسێكی وه‌ك میونشن، ده‌رفه‌تێكی چاره‌نووسسازه‌ بۆ گفتوگۆكان.

سه‌ره‌تا له‌باره‌ی به‌شداریی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنفرانسی میونشن، ئاشنا بابان، شاره‌زای په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند، "کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ٢٠٢٥ کە لە شاری میونشنی ئەڵمانیا بەڕێوە دەچێت، سەکۆیەکی گرینگە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاستەنگە ئەمنییە جیهانییەکان، گرینگیی ئەم کۆنفرانسە خۆى لە کۆمەڵێک بابەتدا دەبینێتەوە، لە گفتوگۆکردن لەسەر پرسە ئەمنییەکانی جیهان و تیشکخستنە سەر بابەتەکانی وەک شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا، گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خەرجییەکانی بەرگری و ڕۆڵی ئەورووپا لە نیزامى جیهانیدا، هەروەها کار بۆ بەرزکردنەوەی هاوکاریی نێودەوڵەتی دەکات کە وەک سەکۆیەک بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا و هەماهەنگی سیاسەتەکانی نێوان وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دابین دەکات، کە بەشدارە لە بەرزکردنەوەی هاوکاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنییەکان و هەڕەشە ئەمنییەکانی وەک ئاسایشی ئەلیکترۆنی، گۆڕانی کەشوهەوا و قەیرانە مرۆییەکان، یارمەتیدەریشە بۆ پەرەپێدانی ستراتیژی کاریگەر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیان، لە هەمان کاتدا کاریگەری لەسەر سیاسەتە نێودەوڵەتییەکان هەیە، وەک ئەو گفتوگۆ و بڕیارانەی لە کۆنفرانسەکەدا دەدرێن بەشدارن لە داڕشتنی سیاسەتە ئەمنییەکانی نێودەوڵەتی، کاریگەرییان لەسەر سەقامگیری و ئاشتی جیهانی دەبێت".

بابان پێی وایه‌، كۆنفرانسی میونشن ده‌رفه‌تێكی چاره‌نووسسازه‌ بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی گفتوگۆكان و ده‌ڵێت، "کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ٢٠٢٥، دەرفەتێکی چارەنووسسازە بۆ بەرزکردنەوەی گفتوگۆ و هاوکاری لە نێوان گەلاندا بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگە ئەمنییەکانی جیهانی، کە لە گەشەکردندان. 

بەشداریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرفان بارزانی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ٢٠٢٥، هەنگاوێکی گرینگ و بایەخدارە لە کۆمەڵێک ئاستەوە کە خۆى لە پتەوکردنی ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا دەبینێتەوە، هەروەها دەرفەتێکی بۆ دەڕەخسێنێت تا جەخت لەسەر ڕۆڵی کوردستانی عێراق لە پرسە سیاسی و ئەمنییەکان لە ناوچەکەدا بکاتەوە، لەوانەش ئاسایش لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها کاریگەریی زلهێزەکانی وەک ئەمەریکا و ڕووسیا لە ناوچەکە، بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی ناوچەکە لەگەڵ زلهێزە جیهانییەکاندا."

ئه‌و شاره‌زایه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد، "گفتوگۆکردن لەسەر پرسە ئەمنییەکانی ناوچەکە و ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسەکەدا، دەرفەتێکى دەداتێ بۆ ئەوەی دیدگای خۆی لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تەحەددای ئەمنی وەک داعش و پرسی هەماهەنگیی ئەمنیی نێوان هەرێم و بەغدا بخاتەڕوو، لە هەمووی گرینگتر بەرزکردنەوەی بەشداریکردنە لە داڕشتنی سیاسەتە ناوچەییەکان بە بەشداریکردن لەم پلاتفۆرمە جیهانییە، سەرۆکی هەرێم دەتوانێت کاریگەری لەسەر سیاسەتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان هەبێت، بەتایبەتی سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ دراوسێکانی وەک تورکیا و ئێران، ئەم  سەکۆ نێودەوڵەتییە بۆ تیشکخستنە سەر ئەو پرسانەی جێگەی نیگەرانیی گەلی کوردستانن، لەوانە مافی مرۆڤ و ئابووری و گەیشتن بە سەقامگیریی سیاسی لە ناوچەکەدا زۆر گرینگ و پڕ بایەخە، هەر لەو ڕوانگەیەوە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی میونشن گرینگیی بەرچاوى هەیە لە ستراتیژییە ئەمنی و سیاسییە نێودەوڵەتییەکاندا، هەروەها بەشدارە لە بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان."

له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، په‌یوه‌ست به‌ به‌شداریی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ لووتكه‌ی حكوومه‌ته‌كان، ئاشنا بابان ده‌ڵێت، "بەشداریی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لووتکەی حکوومەتی جیهانی ٢٠٢٥ گرینگییەکی زۆری هەیە لەبەر چەند هۆکارێک، کە خۆى لە بەهێزکردنی پێگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا دەبینێتەوە، هەروەها دەرفەتێک دەداتە هەرێم بۆ ئەوەی سەقامگیری و گەشەسەندنی خۆی لە بەرامبەر ئاستەنگە سیاسی و ئابوورییەکانی عێراق و ناوچەکە نیشان بدات، سوود لە ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان وەربگرێت و ئەم جۆرە کۆبوونەوانە دەرفەت دەڕەخسێنن بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان و فێربوون لە باشترین پراکتیکەکان، لە بوارەکانی ئیدارەی حکوومەت و داهێنان و سیاسەتی گشتی کە دەتوانێت بەشدار بێت لە باشترکردنی ئەدای حکوومەت لە هەرێمی کوردستان، هەروەها هۆکارێکە بۆ بەرزکردنەوەی هاوکاریی ناوچەیی و نێودەوڵەتی کە لە ڕێگەی بەشداریکردنەوە لەگەڵ وڵاتانی دیکە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە بوارە جیاوازەکانی وەک گەشەپێدانی ئابووری، تەکنەلۆژیا، پەروەردە و گۆڕانی کەشوهەوا بەرز دەکرێتەوە. هەروەها دەتوانێت بەشداری بکات لە ڕاکێشانی وەبەرهێنانی نوێ بۆ هەرێم."

ناوبراو گوتیشی، "کردنەوەی دەرگا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتەکانی تری لووتکە، پلاتفۆرمێکە ڕێگە بە سەرۆکوەزیران دەدات لەگەڵ سەرکردەکانی حکوومەتەکانی تر کۆببێتەوە، ئەمەش بەشدارە لە بنیاتنانی پەیوەندیی سیاسی و ئابووریی نوێ و گەیشتن بە تێگەیشتن لەسەر پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان."

بابان له‌ كۆتایی قسه‌كانیدا جه‌ختی كرده‌وه‌، پێویستە هه‌رێمی كوردستان له ‌ڕێگه‌ی به‌شداریكردن له‌ كۆنگره‌ و كۆنفرانسه‌ جیهانییه‌كان، ڕۆڵی ئەرێنیی خۆی هه‌بێت، گوتیشی، "هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ئەم بەشدارییەوە دەتوانێ ڕۆڵی خۆی لە ناوچەکە و جیهاندا بەرز بکاتەوە، هەروەها کار بۆ پەرەپێدانی سیاسەتەکانی بکات بۆ ئەوەی هاوسەنگ بێت لەگەڵ ڕەوتە جیهانییەکانی داهاتوو، جگە لەوەى سەکۆیەکە بۆ گەیاندنى پەیامى ئاسایشخوازانە و سەقامگیریى ناوچەکە و ڕۆڵى هەرێمى کوردستان لە ڕوانگەى بەشداریى کۆنفرانسى میونشن و لووتکەی حکوومەتەکانی جیهان، بۆشمان دەردەکەوێت بەشداریى هەرێمى کوردستان لەسەر ئاستى هەرێمى و نێودەوڵەتى، کاریگەرى و گرینگیى خۆى هەیە." 

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار