کەوڵۆسی ئەو پێوەرانەی بوونەتە ئەگەری سەرکەوتنی پارتی لە ڕێگەیKDPیەوە دەخاتەڕوو

سلێمانی-KDP.info- شرۆڤەکارێکی سیاسی پێی وایە، ھەندێ لایەن بە سەرکەوتنەکانی پارتی شۆک بوونە، ھەروەھا دەشڵێ، بۆچوونێکی ھەڵە ھەبوو گوایە ئەگەر سیستمی ھەڵبژاردن بگۆڕن، پارتی شکست دێنێ، ئێستا ئەو لایەنانەی چوونە دادگای فیدڕاڵی، پەشیمانن.
مەشخەڵ کەوڵۆسی، شرۆڤەکاری سیاسی و بەرپرسی سەنتەری چاوی کورد، لە لێدوانێکیدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ئەو پێوەرانەی بوونەتە ئەگەری سەرکەوتنی پارتی لە ھەڵبژاردنی ساڵی ڕابردوودا، ھەمان ئەو پێوەرانە بوونە کە داواکاریی بەشێکی لایەنە سیاسییەکان بووە، بەشێک لەو لایەنانەی ئێستا ململانێی پارتی دەکەن، ھەمان ئەو لایەنانە بوون کە چوونە بەغدا و لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵایان دژی سیستمی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردن تۆمار کرد، واتە ئەو فلتەرانەی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی ھەڵبژاردن دانران، لەسەر داخوازیی ئەو لایەنە سیاسیانەیە، وەک بڵێی بەدڵی ئەوان بوو گۆڕانکاری لە سیستمی ھەڵبژاردندا.
ئەو شرۆڤەکارە پێی وایە، ھەندێ لایەن پێیان وابوو ئەگەر سیستمی ھەڵبژاردن بگۆڕن و ھەندێ مەرج و پێوەر دیاری بکرێن، ئەوە پارتی لە ھەڵبژاردندا شکست دێنێت، بەڵام بینیمان ئەنجامی ھەڵبژاردن پێچەوانەی بۆچوون و دیدی ئەو لایەنانە دەرچوو کە پارتی دیموکراتی کوردستان توانی زۆرترین دەنگ بەدەست بێنێت لە ھەڵبژاردنی ٢٠ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا.
کەوڵۆسی دەشڵێت، ئەو لایەنانەی پێشتر چوونە بەغدا و سکاڵایان تۆمار کرد، ئێستا لەو ھەنگاوەیان پەشیمانن، لەبەر ئەوەی نەیانتوانی شکست بە پارتی بێنن، بەڵکو پارتی دەنگی زیاتری بەدەست ھێنا و ئێستا زیاتر ترسیان لە سەرکەوتنی پارتی ھەیە، ھەموو جارێک بەو لایەنانە دەڵێم، پڕۆسەی سیاسی پێویستی بە عەقڵانیەتە و نابێت بەو شێوەیەی ئێستا بیر بکەنەوە، پێموایە ڕێکخستنەوەی ئەو بابەتە پێویستی بە دەرکردنی یاسا ھەیە و ناکرێت وەک ئێستا ھەندێ لایەن کاتێک دەنگی پێویستیان بەدەست نەھێنا، بکەونە دژایەتیکردنی لایەنی سەرکەوتوو.
قائید میرۆ




