٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شیلان شێخ جەعفەر بۆ KDP: ئەمساڵ کۆنگرەی یەکێتیی قوتابیان و لاوان بەڕێوە دەچێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بە بۆنەی ١٨ی شوبات، ساڵیادی دامەزراندنی ھەردوو یەکێتیی قوتابیانی کوردستان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، بەرپرسی ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوان، ھەڵگری پەیامی نیشتمانی و نەتەوەیین." و دەشڵێت: چالاکییەکانی ئەمساڵی قوتابیان و لاوان بە شێوەیەکی تر دەبێت.

شیلان شێخ جەعفەر، بەرپرسی رێکخراوە جەماوەرییەکانی پارتی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموراتی کوردستان، گوتی: "بەھۆی پێویستیی مێژووییەوە، ھەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی قوتابیانی کوردستان دامەزران، کە پێویست بوو لەو سەردەمەدا یەکێتییەکی کوردستانیانە بۆ خزمەتکردنی ئەو دوو توێژەی کۆمەڵگە دابمەزرێت، بە تایبەتی لەو سەردەمەدا کێشەی نەتەوەیی ھەبوو، قوتابیان و لاوانیش ھەڵگری پەیامی نیشتمانی و نەتەوەیی بوون، لەسەر ڕاسپاردەی بارزانیی نەمر هەردوو ڕێکخراوی قوتابیان و لاوان لە ١٨ی شوباتی ١٩٥٣ دامەزران."

بەرپرسی ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی پارتی ئەوەشی خستە ڕوو کە "ھەردوو ڕێکخراوی قوتابیان و لاوان، ڕۆڵی بەرچاویان ھەبووە لە بەرگریکردن لە مافی قوتابیان و لاوان، ھەروەھا لە کۆڕی خەبات و تێکۆشان و شۆڕشی چەکداریش ھەردوو ڕێکخراوەکە دەستی باڵایان لە خەبات ھەبووە، ھەر لەو ڕوانگەیەوە بارزانیی نەمر قوتابیانی بە سەری ڕم و لاوانی بە شوورەی پۆڵایین ناوزەد کرد، ھەردوو ڕێکخراوەکە خاوەن چەندان شەھیدی سەرکردەن لەپێناو دۆزی ڕەوای گەلی کورد و کوردستان."

شیلان شێخ جەعفەر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، "ڕۆژی سێشەممە یادی ٧٢ ساڵەی دامەزراندنی ھەردوو ڕێکخراوی قوتابیان و لاوانە و ساڵانەش بەبۆنەی ١٨ی شوبات، ساڵڕۆژی دامەزراندنیانەوە، چەندان چالاکی بەڕێوە دەچن، ئەمساڵیش یادی ئەو ڕۆژە پیرۆزە بەرز ڕادەگیرێت، بەڵام بەھۆی کۆنگرە و کۆنفرانسەوە چالاکییەکانی ئەمساڵ وەکو ساڵانی ڕابردوو نابێت."

لەبارەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی یەکێتیی قوتابیان و لاوانەوە، شیلان شێخ جەعفەر گوتی، "ئەمساڵ کۆنگرەی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان و یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان بەڕێوە دەچێت، بەڵام کاتی بەڕێوەچوونی کۆنگرە دیاری نەکراوە، لیژنەی باڵای سەرپەرشتیار لە کاتێکدا بڕیاری لەسەر دەدات، ھەر کاتێکیش بڕیار دەرچوو ھەردوو ڕێکخراوەکە ئاگادار دەکرێنەوە."

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار