وەزارەتی دارایی: تێبینیەکان بەشێوەیەکی بەرچاو کەم بوونەتەوە

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ وەزیری دارایی پێشوازیکرد لە تیمی ھاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و ھەرێمی کوردستان، هاوکات هەردوولا خەریکی ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکن لەسەر خەرجی و داھاتی شەش مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردووی ھەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦ی شوباتی ٢٠٢٥، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازیکرد لە تیمی ھاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و ھەرێمی کوردستان کە پێکھاتبوون لە فەریق سڵێمان بەڕێوەبەری گشتی دیوانی چاودێری دارایی ھەرێمی کوردستان و دکتۆر حەیدەر خالخال و دکتۆر عەلی خچیر بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێری دارایی حکوومەتی فیدراڵ.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەسەر بەرنامەی کاری تیمە ھاوبەشەکان کرا کە بڕیارە ڕاپۆرتێک لەسەر خەرجی و داھاتی شەش مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردووی ھەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ڕاپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە ئامادە بکەن.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری ئامادەیی وەزارەت و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیەکانی بۆ سەرخستنی کارەکانیان دووپات کردەوە و ڕایگەیاند دەرگای وەزارەت و دامەزراوەکان بەردەوام کراوەیە بۆ تیمەکان تا بتوانن لە نزیکترین کاتدا ڕاپۆرتی خۆیان ئامادە بکەن.
لای خۆشیانەوە تیمی ھاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی سوپاسی پشتیوانی و ھەماھەنگیەکانی وەزیری داراییان کرد کە ھەمیشە ھاوکار بووە لەماوەی ڕابردوودا بۆ ئەوەی کارەکان بەباشی بەڕێوەبچن، دەرئەنجامی ئەو ھەوڵانەش وایکردووە تێبینیەکانی تیمەکان لەسەر ڕاپۆرتەکان بەشێوەیەکی بەرچاو کەم ببنەوە.




