مەکتەبی پەیوەندییەکان گەشتێکی بۆ نوێنەری وڵاتان لە هەرێم ڕێکخست

هەولێر-KDP.info- مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، گەشتێکی زستانەی دوو ڕۆژەی بۆ نوێنەرانی سلکی دیپلۆماسی لە ھەرێمی کوردستان ڕێکخست، گەشتەکە بۆ شوێنە گەشتیارییەکانی چیای کۆڕەک بوو، کە ژمارەیەکی زۆر لە نوێنەران بەشدارییان تێدا کرد.
ڕۆژی گەیشتنی میوانەکان لە چیای کۆڕەک بەفر دەباری و ئەم دیمەنەش سیمایەکی دیکەی جوانی بە گەشت و سرووشتی کوردستان بەخشی، میوانەکانیش سەرسامیی خۆیان بە سرووشت و پێشکەوتنی ئەو شوێنە گەشتیارییە خستە ڕوو، کە دیمەنێکی زستانەی سەرنجڕاکێشی ئەو ناوچەیە و گەرموگوڕیی میواندارییەکە، هەموو لایەکی دڵخۆش کرد.
سەرەتای گەشتەکە لە ئۆفیسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە دەستی پێکرد لە ڕێگای هاملتۆن بەرەو بێخاڵ، لەگەڵ گەیشتن بە سنوورە شاخاوییەکان و دەرکەوتنی دیمەنی جوانی بێخاڵ، میوانەکان لەوێدا وەستان بۆ چێژوەرگرتن لە دیمەنی جوانی بێخاڵ و سرووشتی دڵڕفێنی ناوچەکە.
پاشان لەوێوە بەرەو هۆتێلی لوتکەی چیای کۆڕەک و شوێنی مانەوەیان کە میوانخانەی رادیسۆن بلووی کۆڕەک بوو، بەڕێکەوتن. سەرکەوتن بۆ لوتکەی چیا و جێگای مانەوە، لە رێگەی تەلەفریکەوە بوو کە مەوداکەی نزیکە ٤ کیلۆمەتر دەبێت و ١٥ خولەک دەخایەنێت.
پاش پشوویەکی کورت، هەمووان پەرۆشی ئەوە بوون چاو لە جوانیی سرووشت و بارینی بەفری سەر چیاکانی باڵەکایەتی و سۆران و برادۆست بکەن.
ئەوەی جێگای ئاماژەیە، میوانخانەی رادیسۆن بلوو لەڕادەبەدەر جوان و خاوێنە و خزمەتگوزاییەکەیانی نایابە. میوانەکان بە تایبەتی ئەوانەی یەکەم جار بوو بێنە چیای کۆڕەک، سەرسام بوون بە جوانیی دڵگیری کۆڕەک و ناوچەکە و کەشە بەفراوییەکە.
بۆ ئێوارەی هەمان ڕۆژ خوانێکی خێزانی لەگەڵ گۆرانی و مۆسیقای کوردی و بیانی ڕێکخرابوو.
لە رۆژی یەکەمدا بەهۆی بارینی بەفر و تەمومژەوە، کەمتر دیمەنی جوانی ناوچەکە دەبینرا، بەڵام لە رۆژی دووەمدا ھەتاو و رووناک بوو و جوانیی ئەو ناوچەیە بە تەواوی دەبینرا و میوانەکان چێژیان لەو جوانی و گەڕان بەنێو سرووشت و چیاکاندا وەرگرت و بێبەش نەبوون لە دیمەنی جوانی ناوچەکە، ئەمەش ھێندەی تر شادی و خۆشیی بە گەشت و میوانەکان بەخشی.
پاشنیوەڕۆی ڕۆژی دووەم و پاش ماوەکی کەم، بەڵام گەرموگوڕی پڕی خۆش و چێژ، لە کەشێکی دۆستانەدا کۆتایی بە گەشتەکە هات و هەمووان بە سەلامەتی و خۆشییەوە گەڕانەوە هەولێری پایتەختی کوردستان.




