٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی جه‌خت له‌ به‌رده‌وامیى هاریكاریى هاوبه‌ش لەگەڵ ئەمه‌ریکا ده‌كاته‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

میونشن-KDP.info-  هه‌ر لە درێژه‌ى به‌رنامه‌كه‌یدا له‌ کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، پاشنیوه‌ڕۆى ئەمڕۆ شەممە 2025/2/15 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەڕێز مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندیى ستراتیژیى ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و به‌رده‌وامیى هاریكاریى هاوبه‌شى نێوانیان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، دۆخى ئه‌منى و مه‌ترسییه‌كانى تیرۆر و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش له‌ عێراق و سووریا، تاوتوێ كران.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتگیریى به‌رده‌وامى ئەمەریکا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، بەتایبەتی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریدا نیشان دا و جه‌ختیشى له‌ گرنگیى به‌رده‌وامیى هاریكاریى هاوبه‌ش لەگەڵ ئەمه‌ریکادا كرده‌وه‌.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى به‌ڕێز وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكاى بانگهێشت كرد بۆ ڕێوڕه‌سمى كردنه‌وه‌ى باڵاخانه‌ى نوێى كونسوڵخانه‌ى گشتیى ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌ولێر، ئه‌ویش خۆشحاڵیى به‌ به‌شداریكردن له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا نیشان دا.

بەڕێز وەزیر مارکۆ ڕۆبیۆ دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ریكا وه‌ك هاوپه‌یمانێك، به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا ده‌ڕوانێت و پابەندیی ئه‌مه‌ریكاى بۆ به‌رده‌وامیى پشتگیریی له‌ سەقامگیرییان دووپات کردەوە، هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی بەردەوامیی هاوکاریی ئەمنی و سەربازی کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییه‌ هاوبەشەکان و بەهێزکردنی گەشەی ئابووری و په‌ره‌پێدان.

دوایین پێشهاتەکانی ناوچه‌كه‌، به‌تایبه‌تى سووریا و دۆخى كورد له‌و وڵاته‌، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.

هەواڵی پەیوەندیدار