دڵشاد شەھاب بۆ KDP: ئەوهیە كه گرنگی بهشداری نێچیرڤان بارزانی لە میونشن دەردەخات

میونشن-KDP.info- وتەبێژی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێ، کاریگەری و ڕۆڵ و پێگەی ھەرێمی کوردستان لە سەقامگیری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست جێگەی تێڕوانینی زلھێزەکانە، بۆیە ئەو جۆره مامەڵەیهی لەگەڵ سەرۆکی ھەرێم دەکرێت لەو کۆنفرانسە دەرخەری ئەوەیە کە ئێمە یاریکەرێکی سەرەکین و بەگرنگیەوە لە تێڕوانینی سەرۆکی ھەرێم لەبارەی ڕووداوەکانهوه دەڕوانن.
پەیوەست بە بەشداری سەرۆکی هەرێم لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، دڵشاد شەھاب، وتەبێژی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "کێشەکانی ئەمنی لە جیھان تەنیا پەیوەندی بە یەک ناوچەوە نیە، ھەر کێشەیەک لە ھەر ناوچەیەکی جیھان ڕووبدات ڕەنگدانەوەی بەسەر ئابووری جیھان دەبێت و هەرێمی کوردستان تایبەتمەندی خۆی هەیە بە تایبەت لە دوای بەشداری کارای ھەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش و پارێزگاریکردن لە ئاشتی جیھانی.
دڵشاد شەھاب دەشڵێت، "ھەرێمی کوردستان ئەمە ١٠یەم جارە بەشداری لە کۆنفرانسی میونشن دەکات و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان شەشەم جارە بەشدار دەبێت، بۆیە ئەگەر خوێندنەوە بۆ ڕووداوەکان بەگشتی بکەین ئەمە بەڵگەیە بۆ کاریگەری ڕۆڵ و پێگەی ھەرێمی کوردستان لە سەقامگیری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە جێگەی تێڕوانینی زلھێزەکانە، بۆیە ئەو جۆره مامەڵەیهی لەگەڵ سەرۆکی ھەرێم دەکرێت لەو کۆنفرانسە دەرخەری ئەوەیە کە ئێمە یاریکەرێکی سەرەکین و بەگرنگیەوە لە تێڕوانینی سەرۆکی ھەرێم لەبارەی ڕووداوەکانهوه دەڕوانن.
شەھاب باسی لەوەشكرد، "گۆڕانکاریەکانی سووریا لەچەند ڕووێکەوە پەیوەندی بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە، چونکە سەقامگیری سووریا کاریگەری لەسەر سەقامگیری ناوچەکە دەبێت و وڵاتانی زلھێزیش بەگرنگیەوە له بارهی ڕووداوەکانی سووریا له تێڕوانینی سەرۆکی ھەرێمی كوردستان دەڕوانن، هاوکات ھەڕەشەی تیرۆریش بەردەوامە و ڕاستە داعش نەماوە بەڵام فیکری داعش هەر ماوە، بۆیە ڕای سەرۆکی ھەرێم وایە بەردەوامی چالاکی و ھاوکاری ھاوپەیمانان بۆ پارێزگاری لە ئاشتی ناوچەکە بەردەوام بێت.
ناوبراو گوتیشی، "پەیامی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان ئەوەیە کە یەکگرتووبن و بەشداریەکی کارابن لە سووریای تازە، هەروەها ھەندێک ئاماژە دەرکەوتوون لە دەسەڵاتی سووریای تازە ئیجابین و ھیوادارین ڕەنگبداتەوە لە بەڕێوەبردنی وڵات، بۆیە بوونی کورد لە سووریا و دراوسێیەتی و پەیوەندی عێراق و سووریا وادەکات سەرۆکی ھەرێمی کوردستان گرنگی پێبدات.
وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم جەختیش دەکاتەوە كه ئامادەبوونی سهرۆكی ھەرێمی کوردستان لەو کۆنفرانسە و بەو شێوە مامەڵەکردنه لەگەڵی لە ئاستێکی بەرز و حیسابکردن بۆ بیروبۆچوونی ئێمە لەسەر سیاسەتی وڵاتان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئەوهیە كه گرنگی بهشداری ھەرێمی کوردستان لەو کۆنفرانسە دەردەخات، بۆیە بەشداریکردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی میونشن زۆر گرنگە و جێگەی بایەخە.
بڵند ئیبراھیم




