٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا كۆبووه‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

میونشن-KDP.info- له‌ میانى به‌شداریكردنى له‌ کۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا، به‌یانیى ئه‌مڕۆ هه‌ینى، 2025/2/14 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز گویدۆ كرۆسێتۆ وه‌زیرى به‌رگریى ئیتاڵیا، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا و بەهێزکردنی هاریكاریى هاوبەشى نێوان هه‌ردوولا و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌كانى داعشیان تاوتوێ كرد.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ ئەو پشتگیرییە دووپات کردەوە کە ئیتاڵیا لە بواری ڕاهێنانی هێزەکانی پێشمەرگە و بەهێزکردنی تواناکانی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژى داعشدا پێشکەشی دەکات، هه‌روه‌ها داكۆكى له‌ پێویستیى عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌ به‌رده‌وامیى پشتگیریى نێوده‌وڵه‌تى بۆ نه‌هێشتنى یه‌كجاره‌كیى داعش كرده‌وه‌.

لاى خۆیەوە، به‌ڕێز وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا جەختی لەسەر گرنگیی هاوبەشیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پابه‌ندیى وڵاتەکەی بۆ بەردەوامیی پشتگیریی پێشمەرگە و بەهێزکردنی هاوکاریی سەربازی و ئەمنی له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا کرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ستایشى ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستانى كرد له‌ پاراستنى سه‌قامگیرى له‌ ناوچه‌كه‌دا‌.

دوایین پێشهاته‌ ئەمنی و سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە، به‌تایبه‌تى دۆخى سووریا و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

هەواڵی پەیوەندیدار