ڕاگەیاندنی پارتی ڕێز لە شاعیر و نووسەر (د.عەبدولڕەحمان مزووری) دەگرێت

دھۆک-KDP.info- ئەمڕۆ لە شاری دھۆک ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی خانی ڕێوڕەسمێکی شایستەی بۆ ڕێزگرتن لە شاعیر و لێکۆڵەر د.عەبدولڕەحمان مزووری ڕێکخست.
ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ـی ٢ـی ٢٠٢٥ لە ھۆڵی یەکێتیی نووسەرانی کورد-لقی دھۆک بە ئامادەبوونی سەربەست لەزگین، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای دھۆک و د.سالار عوسمان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، سەباح بەیتوڵڵا یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای دھۆک و، ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆشنبیر و نووسەر و میدیاکاران و بەرپرسانی حزبی و حکوومی لە شاری دھۆک، ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی خانی ڕێوڕەسمێکی شایستەی بۆ ڕێزگرتن لە شاعیر و لێکۆڵەر د.عەبدولڕەحمان مزووری ڕێکخست.
د.سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی گوتارێکی پێشکەشکرد و گوتی: ئەمڕۆ ئێمە لەگەڵ ئێوە دەمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ نیو سەدە خەباتی قەڵەم و خەمی کوردایەتی و نووسین و پەیڤی ڕەسەن و ھۆزانی شۆڕشگێڕی و جوانی مامۆستا عەبدولڕەحمان مزووری، کە ھەموومان ئاشناین بە دەقەکانی، بە ھەناسە شیعرییەکانی، بە لێکۆڵینەوەکانی، بە ھەموو ئەو بەرھەمانەی کە پێشکەشی کردوون.
هەروەها بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و مێژووە پڕ بەھاکەی خەڵاتی زێڕین و خەڵاتی کریستاڵی و گوڵی ڕێز و وەفا پێشکەش بە د.عەبدولڕەحمان مزووری کرا.
پێش کۆتایی ڕێوڕەسم، د.عەبدولڕەحمان مزووری گوتارێکی پێشکەشکرد و سوپاس و پێزانینی ئاراستەی بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی خانی و سەرجەم ئەو کەس و لایەنە پەیوەندیدارانە کرد کە لە بڵاوکردنەوەی بەرھەمەکانی ھاوکاری بوون.
دکتۆر عەبدولڕەحمان مزووری لەساڵی (١٩٦٧)ەوە خزمەت بەدنیای ھۆزان و ئەدەبیاتی کوردی و بوارە زانستییەکان دەکات و کۆمەڵێک توێژینەوەی پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کردووە لە بوارەکانی جیۆپۆلۆتیک و نەورۆز و مێژوو و ئەدەبیات و پرسی دیکەی پەیوەست بە کوردستان.





