فازڵ میرانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتی تورکیا لە ھەولێر کرد

ھەولێر-KDP.info- لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە پیرمام، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پێشوازی لە کونسوڵی گشتی کۆماری تورکیا و شاندی یاوەری کرد.
ئەمڕۆ ١٣ی شوباتی ٢٠٢٥، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام، فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی پێشوازی لە (ئەرمان تۆپچو) کونسوڵی گشتی کۆماری تورکیا و شاندی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا ھەردوولا بیروڕایان لە بارەی دوایین گۆڕانکاری سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە ئاڵوگۆڕکرد، ھاوکات بەرپرسی دەستەی کارگێڕی جەختی کردە سەرئەوەی کە پێویستە ھەموو لایەنەکانی ناوچەکە بەرپرسانە ھەنگاو بنێن بۆ ئەوەی گرژییەکان پەرەنەستێنێت و ناوچەکە پارێزراو بێت.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، باس لە بارودۆخی ھەرێمی کوردستان و گفتوگۆی پێکھێنانی حکوومەتی داھاتووی ھەرێم کرا.
ھەروەھا میرانی سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان ھەرێم و بەغداش ئاماژەی بەوەدا کە بۆ گەیشتن بە چارەسەری ڕیشەیی کێشەی دارایی نێوان ھەردوولا، ھەنگاوی باش نراون، بەوەی لە دوای پەسندکردنی ھەمواری یاسای بوودجە، زەمینەی لەبار دروست بووە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکانی دیکەی نێوان ھەرێم و بەغدا.
دواتر کونسوڵی گشتیی تورکیا پەیوەست بەو دیدارە، سوپاسگوزاریی خۆی بۆ بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەربڕی.





