قایمقامی زاخۆ بۆ KDP: دەڤەری پیشەسازی زاخۆ ھەلی کار دەڕەخسێنێت

زاخۆ-KDP.info- قایمقامی قەزای ناوەندی زاخۆ ڕایدەگەیەنێت، کە پڕۆژەی دەڤەری پیشەسازی زاخۆ لە ناوچەی ھیزاوا جێبەجێ دەکرێت و پڕۆژەکە دەبێتە ھۆی پەیداکردنی ھەلی کار بۆ ھاووڵاتییان.
موشیر بەشیر، قایمقامی زاخۆ، لە لێدوانێکیدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموراتی کوردستانی ڕاگەیاند: پڕۆژەی پیشەسازی زاخۆ لە ناوچەی ھیزاوای نێوان زاخۆ و قەزای باتۆفە جێبەجێ دەکرێت و ناوچەی پیشەسازی ناو سەنتەری شار دەگوزارێتەوە ئەو ناوچەیە، پڕۆژەکە بەپێی ستانداردی ئەندازیاری لەسەر ٣١٠ دۆنم زەوی دروست دەکرێت.
قایمقامی زاخۆ دەشڵێت: پڕۆژەی نوێی پیشەسازی زاخۆ دوو ھەزار و ٥٠٧ شوێنی پیشەسازی لەخۆ دەگرێت، ناوچەی پیشەسازی پێشووش دەکرێتە پارک و سەوزایی بۆ ئەوەی دیمەنێکی جوانتر بە شاری زاخۆ ببەخشێت.
موشیر بەشیر ڕوونیکردەوە: پڕۆژەکە بەشێوەیەک دروست دەکرێت چارەسەری ئەو پاشماوانەش دەکات کە لە ئەنجامی کارکردنی پیشەوەران دەمێننەوە، دووبارە بەکاردەھێندرێنەوە، ھەروەھا ھەلی کاریش بۆ ھاووڵاتییانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەڕەخسێنێت.
قائید میرۆ




