ھەموو کوردێک دڵی بە دیداری سەرۆک بارزانی و مەزڵووم کۆبانی خۆش بوو

باکووری کوردستان-KDP.info- سیاسەتمەدارێکی دیاری باکووری کوردستان دەڵێت، دوای ئەوەی بەشار ئەسەد نەما، باڵانسی ھێز گۆڕا، بۆیە دەبێت لە گۆڕانکارییەکاندا کورد ئامادە بن. دەشڵێ، گەورەیی و گرنگیی سەرۆک بارزانی لە ناوچەکەدا دیارە و ھەموو کوردێکیش دڵی بە دیداری سەرۆک بارزانی و مەزڵووم کۆبانی خۆش بوو.
ئادەم گەڤەری، سیاسەتمەداری دیاری باکووری کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "دوای نەمانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، قۆناغێکی گرنگ هاتووەتە پێشەوە، بۆ ئەوەی ھەموو نەتەوەکان بە مافی خۆیان بگەن، چونکە دوای ئەوەی بەشار ئەسەد نەما، باڵانسی ھێز گۆڕا، بۆیە دەبێت لە گۆڕانکارییەکاندا کورد ئامادە بن، چونکە ناکرێت کورد یەکگرتوو نەبن، ھەروەھا سیستمێکی دیموکراسی پێویستە و دەبێت ئەو سیستمە فیدڕاڵی بێت بۆ ئەوەی کوردەکان بە مافی خۆیان بگەن".
گەڤەری باوەڕیشی وایە، "پێویستە کورد بۆ داھاتووی ڕۆژئاوای کوردستان خۆی ئامادە بکات، ھەروەھا پەیەدە لە ڕووی ڕێکخستن و سەربازییەوە و ئەنەکەسە لە ڕووی دیپلۆماسییەوە بەشی ئەوە ناکەن مافەکانیان وەربگرن و دەبێت لەگەڵ وڵاتانی زلھێز پەیوەندییان ھەبێت، ھاوکات ئەم پەیوەندییانەش لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و دەزگاکان ھەن، چونکە ئەو پەیوەندییانەش بەتایبەت لە دەستی سەرۆک بارزانیدایە. چونکە سەرۆک بارزانی پێگەیەكی نێودەوڵەتیی ھەیە و گەورەیی و گرنگیی لە ناوچەکەدا دیارە".
ناوبراو جەختیش دەکاتەوە، "ئەگەر کورد ئەم کارە بکەن، دەتوانن لە دیمەشق مافەکانیان بەدەست بخەن، چونکە ھەموو کوردێک دڵی بە دیداری سەرۆک بارزانی و مەزڵووم کۆبانی خۆش بوو. ھیوادارم ئەم کۆبوونەوانە بەردەوام بن، چونکە ئەمانە دەبنە ڕێگەیەک کوردەکان لە پارچەکانی دیکە مافەکانیان بە ڕێگای ئاشتیانە بەدەست بێنن".
کاروان باعەدری




