شێروان حەیدەری: پێویستە ئەوە ڕوون بێتەوە ئەو داواکاری و مافە لە بەغدایە

ھەولێر-KDP.info- وەزیری پێشووی دادی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێی وایە، داواکاری بۆ مووچە و مافی مووچەخۆران بەو شێوەی ئێستا ھەیە سوودی نابێت و بێ ئەنجام دەبێت، چونکە مافەکانیان لای بەغدایە نەک حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھاوکات دەشڵێ، ناکرێت بەناوی داواکاریش ئەمنیەتی ھەرێمی کوردستان تێکبدرێت، کە بەخوێنی شەھیدان بەرھەم ھاتووە.
شێروان حەیدەری، وەزیری پێشووی دادی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "ئەوانەی داواکاری لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەن ئەو داواکاریانە پەیوەندی بەعێراقەوە ھەیە نەک ھەرێمی کوردستان و پێویستە ئەو داواکاریانە عێراق جێبەجێی بکات کە پەیوەندی بە مووچەی فەرمانبەرانەوە ھەیە، بۆیە لە جیاتی فشار دروستکردن لەسەر ھەرێمی کوردستان با فشار لەسەر بەغدا دروست بکەن، چونکە ئێستا حکوومەتی عێراق مووچە دەدات نەک حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
ناوبراو پێشی وایە، ئەو خۆپیشاندان و گردبوونەوانەی دەکرێن ھیچ سوودێکی نابێت، چونکە ئاراستەکەی پێویستە بۆ بەغدا بێت نەک ھەرێمی کوردستان، واتا فشاری مەدەنی ئاساییە و مافی خۆیانە داواکاریان ھەبێت و ئێمەش ئەوەمان پێباشە و ڕەوایە، بەڵام پێویستە ئەوە ڕوون بێتەوە ئەو داواکاری و مافە لە بەغدایە نەک ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا دەشڵێت، "بەداخەوە ھەندێک لایەن بۆ مەرامی سیاسی بۆ خۆیان بەکاری دێنن و لە ڕاگەیاندن بۆ خۆیان دەیقۆزنەوە، لەبەر ئەوە نابێت ڕێگە بدرێت ئاژاوەگێری دروست بکرێت و کاریگەری لەسەر ئەمنیەتی ھەرێمی کوردستان ھەبێت کە بەخوێنی شەھیدان بەرھەم ھاتووە.
وەزیری پێشووی دادی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد: لەجیاتی ئەوەی بێن داوای ماف لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکەن با داواکاری و فشار لە بەغدا بکرێت بۆ ئەوەی مافی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بدرێت، چونکە ئەوەی مافی خەڵکی زەوت کردووە بەغدایە نەک ھەرێمی کوردستان، بۆیە ئەو جۆرە فشارانەی دەکرێت بەو شێوەیە سوودی نابێت تا ئاراستەی بەغدا نەکرێن.
بڵند ئیبراھیم




