ھێمن ھەورامی لهگهڵ کۆنگرێسمان ئابی ھمادە و پات ھاریگن کۆبووهوە

ئەمەریکا-KDP.info- بەمەبەستی خستنەڕووی دوایین ھەڵوێست و سیاسەت و بۆچوونی ھەرێمی کوردستان لەسەر کۆی ھاوکێشەکانی ناوخۆ و عێراق و ناوچەکە و پشتیوانی ئیدارەی نوێی ئەمەریکا بۆ گەلی کوردستان، ھێمن ھەورامی لە کۆنگرێسی ئەمەریکا سەردانی ئابی ھمادە و پات ھاریگنی ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکای کرد.
ھێمن ھەورامی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند: لە کۆنگرێسی ئەمەریکا سەردانی ئابی ھمادە ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکامان کرد و لە نزیکەوە وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی سەرکەوتنی وەک ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا، ھیوای سەرکەوتنمان لە کارەکانی بۆ خواست.
ھەورامی گوتیشی: "لەسەر دوایین گۆڕانکارییەکانی ناو ھەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا و دۆخی ناوچەکە بەرچاوڕوونی پێویستمان شیکردەوە. هەروەها لە بارەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەریمی کوردستان و ئەمەریکا و بایەخ و گرینگی قوڵترکردنەوەی ئەو پەیوەندییانەمان بۆ سەقامگیری ناوچەکە و بەرژەوەندی ھاوبەش لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و سەرچاوەکان و ھۆکارەکانی نا سەقامگیری خرانەڕوو و داوامان کرد وەک کۆنگرێسی ئەمەریکا ھاوکاربن لە بەدواداچوونی کارەکانی ئیدارەی نوێی ئەمەریکا بۆ پشتیوانی و پشتگیری زیاتری ھێزی پێشمەرگە و وەبەرھێنانی زیاتری کۆمپانیاکانی ئەمەریکا لە ھەرێمی کوردستان".
هاوکات ھێمن ھەورامی هەر لە کۆنگرێسی ئەمەریکا بەمەبەستی خستنەڕووی دوایین ھەڵوێست و سیاسەت و بۆچوونی ھەرێمی کوردستان لەسەر کۆی ھاوکێشەکانی ناوخۆ و عێراق و ناوچەکە و پشتیوانی ئیدارەی نوێی ئەمەریکا بۆ گەلی کوردستان، لە کۆنگرێسی ئەمەریکا کۆبوونەوەیەکی وردی لەگەڵ پات ھاریگن ئەندامی کۆنگرێس و ئەندامی لیژنەی ھێزە چەکدارەکانی ئەمەریکا کرد.
ھەورامی دەشڵێ، بە وردی لەسەر ڕۆڵی ھەرێمی کوردستان و ڕوانگەی سەرۆک بارزانی و تێروانین بۆ ئایندەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئەمەریکا لە چوارچێوەی ئاڵۆزییە ھەرێمایەتییەکان، بیروڕامان ئاڵوگۆڕ کرد. ناوبراو باس لەوەش دەکات، کۆنگرێسمان ھاریگن بە بایەخەوە باسی لە ڕۆڵی سەرکردایەتی سەرۆک بارزانی و پێشمەرگەی کوردستان کرد.





