به‌شیر حه‌داد: پێویسته ڕووی داواكارییەكانمان له به‌غدا بێت

هه‌ولێر - KDP.info - جێگری پێشووی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق پێی وایه، پێویسته ڕووی داواكارییەكانمان له به‌غدا بێت، ده‌شڵێ "ڕێکكه‌وتنی گه‌وره كراوه، خەریكە هه‌موو شتەكان ده‌كه‌ونه سه‌ر سكه."
د. به‌شیر حه‌داد، جێگری پێشووی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "هاتوچۆی شاندی هه‌رێم و شاندی به‌غدا له ماوه‌كانی ڕابردوو و دانپێدانی به‌غدا به ڕێکكه‌وتن بۆ خه‌رجکردنی مووچه‌ی مانگی یه‌ك و ئاماده‌كاری بۆ مانگی دوو، ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كان له به‌غدا بوونه، هه‌رێمی كوردستان هه‌موو ئه‌ركه‌كانی به‌رامبه‌ر به‌غدا جێبه‌جێ كردووه، من نه‌ك ئێستا پێشتریش باوه‌ڕم وابووه، پێویسته ڕووی داواكارییەكانمان له به‌غدا بێت."
جێگری پێشووی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق گوتیشی: "هۆكاری جێبه‌جێنه‌كردنی داواكارییه‌كان بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕایه‌وه، داواكارییه‌كان به‌هێز نه‌بوون و هه‌موو لایه‌نه‌كانی هه‌رێم پێكه‌وه نه‌بوون، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام داواكارییه‌كانی ئاراسته‌ی به‌غدا كردووه، به‌ڵام لایه‌نه‌كانی ناو حكوومه‌ت وه‌ك یه‌ك بەرگرییان نەدەكرد."
پێویسته لایه‌نه‌كان پێكه‌وه كار بۆ به‌ده‌ست هێنانی داواكارییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان بكه‌ن، لایه‌نه سیاسییه‌كان ئه‌وكاره بۆ حكوومه‌ت به‌جێی بێڵن نه‌ك هه‌ر لایه‌نه و داواكاری ئاراسته‌ی به‌غدا بكات، چونكه ئه‌مه كاری حكوومه‌تە، هه‌ر لایه‌نێكی سیاسی بۆی هه‌یه په‌یوه‌ندی سیاسی هه‌بێت له‌گه‌ڵ لایه‌نێكی عێراق، به‌ڵام بابه‌تی ڕێککه‌وتن ئه‌ركی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه.
د. به‌شیر حه‌داد ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد: "ڕێکكه‌وتنی گه‌وره كراوه و مووچه‌ی هه‌موو مانگەكانی ئه‌مساڵ له‌سه‌ر بنه‌مای لیستی مانگی ڕابردوو خه‌رج ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكی باشه، نزیكە هه‌موو شتەكان ده‌كه‌ونه سه‌ر سكه."




