ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئیمارات

ئیمارات-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئیمارات، جەخت لە پێویستیی بەهێزکردنی هاوکاریی و هاوئاهەنگیی دوولایەنە دەکەنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 12-02-2025، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری دوبەی، لەگەڵ شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات کۆبووەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران ئامادەی بوو، بیروڕا لەبارەی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کران.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، "هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی بەهێزکردنی هاوکاریی و هاوئاهەنگیی دوولایەنە و پێشخستنی زیاتری پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا."
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان تاوەکوو ئێستا لە پەراوێزی لووتکەکەدا، زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرکردە و بەرپرسانی باڵای جیهان کردووە.
لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان ڕۆژی سێشەممە، 11-02-2025، لە شاری دوبەی دەستی پێ کردووە و کارەکانی تاوەکوو سبەینێ پێنجشەممە، 13-02-2025، بەردەوام دەبن.
سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی، ڕۆژی دووشەممە، 10-02-2025، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حکوومی، بۆ بەشداریکردن لە لووتکەکە، گەیشتە ئیمارات و ئەمە چوارەم ساڵە لەسەر یەک، بانگهێشت دەکرێت.
ئەندامانی ئەو شاندەی یاوەریی سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی دەکات بریتین لە:
1- قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
2- ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار.
3- ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران.
4- ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران.




