ئەم ڕێککەوتنە نزیکەی 500 هەلی کار لە هەرێمی کوردستان دەرەخسێنێت

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە کۆڕبەندی ئابووری کوردستان - ئیتاڵیا لە شاری ڕۆما بەڕێوەچوو، لە میانەی کۆڕبەندەکەدا ڕێککەوتن لەنێوان کۆمپانیایەکی ناوخۆیی و ئیتاڵی واژۆ کرا بۆ ئاوەدانکردنەوەی شوێنە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان.
کۆڕبەندەکە بە سەرپەرشتی سەفین موحسین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و د. محەممەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان بەڕێوەچوو.
لە میانەی کۆڕبەندەکەدا شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چەند چاوپێکەوتنێکی ئەنجام دا لەگەڵ گیلبێرتۆ پێچیتۆ فراتین وەزیری ژینگە و ئاسایشی وزەی ئیتاڵیا و جێگری وەزیری کشتوکاڵی ئیتاڵیا.
ھەروھا ڕێککەوتنێک لەنێوان کۆمپانیای Visit Kurdistan و کۆمپانیای Lietnerی ئیتاڵیا واژۆ کرا بۆ ئاوەدانکردنەوەی شوێنە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان کە پێشبینی دەکرێت ئەم ڕێککەوتنە نزیکەی ٥٠٠ ھەلی کار لە ھەرێمی کوردستان بڕەخسێنێت.
ھەر لەچوارچێوەی کۆربەندی ئابووری ھەرێمی کوردستان - ئیتاڵیا، سەفین موحسین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "ھەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئیتاڵیا ھەیە و ھیوادارین ئەوە خاڵێکی دەستپێک بێت بۆ ئەوەی پەیوەندییە ئابوورییەکانمان زیاتر پەرە پێ بدەین لەگەڵ سەرمایەداران و سەرکردەکان لە ئیتاڵیا، بۆ ئەوەی بتوانین لە بازرگانییەوە بۆ سەرمایەداری زیاتر بکەین و پەرە بە گەشەپێدانی لایەنە بەرفراوانەکانی دیکە."
ئاماژەی بەوەش دا "عێراق بازاڕێکی بەرفراوانە بۆ وەبەرھێنان کە ٤٥ ملیۆن ھاووڵاتیی ھەیە، پێمانوایە ئیتاڵیا لەو بازاڕە شوێن پێی خۆی ھەبێت، بەڵام بەھۆی ڕژێمەکانی ڕابردوو لە ساڵانی ھەشتاکانەوە عێراق ڕووبەڕووی وێرانکاری بووەتەوە و دواتر تووشی داڕمانی ئابووری بووەتەوە."





