٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیری پێشمەرگە: ھێزێکی یەکگرتووی نیشتمانی بنیات دەنرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و تیمی ھەماھەنگی ئاسایش لە کونسوڵخانەی ئەمەریکا کۆبوونەوە و باسیان لە ھاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و دامەزراندن و دەستبەکاربوونی فیرقەی پێنج و شەش لە ئاییندەیەکی نزیکدا کردەوە.

وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووتەوە و تێیدا ھاتووە: "ئەمڕۆ ١١ـی شوباتی ٢٠٢٥، وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، لەگەڵ تیمی ھەماھەنگی ئاسایش لە کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی کۆڵۆنێڵ گاڤین رایس، بەرپرسی ئۆفیسی ھەماھەنگی ئاسایش کۆبووەوە".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی چەند بابەتێکی گرنگ سەبارەت بە ھاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە کرا، ھەروەھا وەزیری پێشمەرگەش ھاوکاری و پاڵپشتییە بەردەوامەکانی ئەمەریکای بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەرز نرخاند و ڕاشیگەیاند، "پشتیوانیی ئەمەریکا و ھاوپەیمانان پاڵپشتییەکی گەورەیە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و سەرخستنی پڕۆسەی چاکسازیی و بەرزکردنەوەی توانا سەربازییەکانی ھێزەکە، ئومێد دەکەین پشتیوانییەکان زیاتر و بەردەوام بن".

لە ڕاگەیەندراوەکە ئاماژە بەوەدراوە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دامەزراندن و دەستبەکاربوونی فیرقەی پێنج و شەش کراوە و لە ئاییندەیەکی نزیکدا لە چوارچێوەی دوو ناوچەی سەرکردایەتی، ھەروەھا وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاند: ناوچەی سەرکردایەتی سەربازیی و فیرقەکانی پیادە بەشێکی گرنگ و ستراتیجین لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا بەمەش ھێزێکی یەکگرتووی نیشتمانی بنیات دەنرێت.

لە کۆتاییدا ڕاگەیەندراوەکە، باس لەوە کراوە: "لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان لە بەردەوامی پەیوەندییەکان و ھەماھەنگیی زیاتری نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و ئۆفیسی ھەماھەنگی ئاسایش لە کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە ھەرێمی کوردستان کردەوە".

هەواڵی پەیوەندیدار