ھێمن ھەورامی و ڤیکتۆریا تەیلەر کۆبوونەوە

ئەمریکا-KDP.info- ھێمن ھەورامی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، لە درێژەی سەردانەکەمان بۆ ئەمریکا، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکامان کرد و لەگەڵ ڤیکتۆریا تەیلەر جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوە و بەرپرسی بەشی عێراق و ئێران کۆبووینەوە.
ھێمن ھەورامی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کودستان لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ، ڤیکتۆریا تەیلەر جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوە و بەرپرسی بەشی عێراق و ئێران رایگەیاند، لەو کۆبوونەوەیەدا ھەڵوێست وسیاسەت وبۆچوونی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی سیاسیمان لەسەر ھاوکێشەکانی ناوخۆ و عێراق و ناوچەکە خستە روو. لەبارەی پرۆسەی پێکھێنانی کابینەی دەیەمەوە دووپاتمان کردەوە کە بە رێنمایی سەرۆک بارزانی ، بنەمای یەک پەرلەمان ویەک حکوومەت و یەک ھێزی پێشمەرگە بۆ بەردەوامی چاکسازی گشتی، گفتوگۆکان ھەنگاوی باشیان بریوە.
ھەلبژاردنەکانی ئەمساڵی پەرلەمانی عێراق و دۆخی سیاسی عێراق و ئەو پێشێلکارییە دەستورییانەی دەکرێنە سەر ھەرێمی کوردستان بە وردی باس کران.
جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بە بایەخەوە دووپاتیکردەوە کە ھەرێمی کوردستان ھاوبەشێکی گرنگی ئەمریکایە و رۆڵ و پێگەی سەرۆک بارزانی لە ناو ھاوکێشەکاندا بەرز دەنرخێنن و ھیوایان خواست پرۆسەی پێکھێنانی حکوومەتی ھەرێم خێراتر بکرێت.




