بەرپرسی لقی ۱٥ بۆ KDP: بچووککردنەوەی خانەقین جێگەی قبووڵکردن نییە

خانەقین-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین ڕایگەیاند، پلانێک ھەیە بۆ ئەوەی جەلەولا و قەرەتەپە بکرێنە قەزا، بۆ ئەوەی خانەقین بچووک بکرێتەوە، ئێمەش دژی ئەو بڕیارەین و ناڕەزایەتیی خۆمان بە پارێزگای دیالە و بەغداش گەیاندووە و ناکرێت لە گەورەیی خانەقین کەم بکرێتەوە.
ئەکبەر حەیدەر، بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ئەنجومەنی پارێزگای دیالە بە کۆی نۆ دەنگ پێشنیازیان کردووە ھەردوو ناحیەی جەلەولا و قەرەتەپەی سەر بە قەزای خانەقینن بکرێنە قەزا، ناڕەزایەتیی ئێمە بۆ ئەوەیە، ئەوان بۆ خزمەتکردنی ئەو ناوچەیەیان نییە گەشەی پێبدەن، بەڵکو دەیانەوێت ئەو دوو ناحیەیە و دەوروبەری لە خانەقین داببڕن، بۆ ئەوەی لە ڕووی ئیداری و جیۆگرافییەوە دەنگ و سەنگی خانەقین بچووک بکەنەوە، بۆیە پێشنیازیان کردووە و جارێ ئێمە ناڕازین و ئەوانیش بەنیازن پەسەندی بکەن.
حەیدەر گوتیشی، ئێمە ناڕەزایەتیی خۆمان گەیاندووەتە پارێزگای دیالە و بەغداش و ھەموو لایەنە کوردستانییەکانیش دژی بچووککردنەوەی خانەقینین و پێویستە خانەقین وەکو خۆی بێت و لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە خزمەتیان بکرێت و ئەگەر ئەو دوو ناحیەیە بکرێنە قەزاش، نابێت لەسەر حیسابی بچووککردنەوەی خانەقین بێت.
بەرپرسی لقی ۱٥ ڕوونیشی دەکاتەوە، بەداخەوە لە ئەنجومەنیش ئەندامێکی چالاک نییە بتوانێت رێگری بکات، بۆیە لە ھەوڵ و دەربڕینی ناڕەزایەتی بەردەوام دەبین تاوەکو رێگری بکەین لەوەی خانەقین بچووک بکرێتەوە، چونکە ئەوە کاریگەری لەسەر خانەقین دەبێت و ئەمەش لای کورد جێگەی قبووڵکردن نییە.
بڵند ئیبراھیم




