سوپاسنامەیەک لە خالید خۆشناوەوە بۆ هاونیشتمانیانی کوردستان

ھەولێر-KDP.info- خالید خۆشناو، کەسایەتی و بازرگانی دیاری ھەرێمی کوردستان و عێراق، سوپاسنامەیەک ئاراستەی سەرۆک بارزانی و ھاونیشتمانیانی کوردستان دەکات، لەبەرامبەر بەشداریکردنیان لە پرسە و دەربڕینی ھاوخەمی بۆ کۆچی دوایی "وەلید خالید".
ئەمەش دەقی سوپاسنامەکەیە:
سوپاس و پێزانینێکی زۆرمان بۆ بەڕێز جەنابی سەرۆک بارزانی کە پەیوەندیەکەیان بۆ ئێمە سەبووریەکی گەورەبوو لەو ساتە سەختەدا، ھەروەھا سوپاسی بەڕێزان جەنابی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، جەنابی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەندامانی بەڕێزی خانەوادەی بارزانی و ھەموو چین و توێژەکانی خەڵکی دڵسۆزی ھەرێمی کوردستان بەگشتی و ھەموو سەرکردە و کەسایەتی و بەرپرسان و ھێز و لایەنە سیاسییەکان و پێکھاتەکانی کوردستان و عێراق، کە بە پەیوەندی و بەشداری و ھاوبەشییان لە پرسەی (وەلید)ی جوانەمەرگدا، لە خەم و پەژارەیان کەم کردینەوە و سەبووری و دڵنەواییان داینەوە.
خەڵکی وەفاداری کوردستان بەگشتی، بەتایبەتی شاری ھەولێری خۆشەویست، دھۆک و سلێمانی و ھەموو ناوچەکان، بەو ھاوخەمی و ھاوسۆزی و پەرۆشییەی ھەر لە ساتی یەکەمی ئەم کۆستەدا لەگەڵ ئێمە نواندیان، زۆر قەرزباریان کردین. لە خوای مەزن داواکارین پاداشتی چاکە و دڵسۆزیی ھەمووان بداتەوە و یارمەتیمان بدات بۆ دانەوەی ئەو قەرزە گەورەیە. بۆ ھەموو شتێک سوپاسگوزاری پەروەردگارین و شانازی بەو ڕێز و ھاوسۆزییەی کوردستان دەکەین.
خوای مەزن وڵاتەکەمان و ھەموو لایەک بپارێزێت و ئارامی و ئاسوودەیی بە ھەمووان ببەخشێت.
خالید خۆشناو




