بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن وەرگێڕانی کتێبی شاکاری مێژوویی (مەم و زین) بەرز دەنرخێنێت

ھەولێر-KDP.info- بە ئامادەبوونی فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن وەرگێڕانی شاکاری مێژوویی (مەم و زین)ـی ئەحمەدی خانی بۆ زمانی فارسی لە وەرگێڕانی (د. شێرزاد شەفیع بابۆ بارزانی) بەرز دەنرخێنێت.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٠ـی ٢ـی ٢٠٢٥ لە ھۆڵی ڕاگەیاندنی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئامادەبوونی فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی و، سیداد بارزانی، مەحموود محەممەد ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی و د.سالار عوسمان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و بڵند ئیسماعیل بەرپرسی لقی ٢ و ئومێد خۆشناو پارێزگاری ھەولێر و ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆشنبیر و نووسەر و میدیاکاران، ڕێوڕەسمێکی شایستەی بۆ ناساندن و بەرزنرخاندنی وەرگێڕانی شاکاری مێژوویی (مەم و زین)ـی ئەحمەدی خانی بۆ زمانی فارسی بەڕێوەچوو.
دەستپێکی ڕێوڕەسمەکە بە سروودی ئەی ڕەقیب و وەستان بۆ گیانی پاکی شەھیدانی کورد و کوردستان سەروەریان (بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریس)ـی ھەمیشە لەیاد دەستیپێکرد.
لە گوتارێکدا وێڕای بەخێرھێنانی میوانەکان، د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک ئاماژەی بەوەکرد: کە د.شێرزاد شفیع بابۆ بارزانی، یەکێکە لە قەڵەم بەدەست و ئەکادیمیست و نووسەر و وەرگێڕە دیارەکانی کوردستان، کە خۆی لە کارێکی زۆر گرنگ داوە کە ئەویش وەرگێڕانی مەم و زینە بۆ زمانی فارسی، لەو ڕوانگەیەوە گرنگە لەڕێی وەرگێڕانەوە خۆمان و ئەدەب و دۆز و خەبات و تێکۆشانی میللەتەکەمان بناسێنین.
پاشان فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پ.د.ک گوتاری مەکتەبی سیاسی پێشکەشکرد و گوتی: دەستخۆشیی لە د.شێرزاد دەکەم، کارێکی جوان و گەورە و مێژوویی ئەنجام داوە و جێگەی دەستخۆشییە، ھەروەھا ئاماژەی بەوەدا کە وەرگێڕان ھونەر و زانست و لێھاتن و ژێھاتنە، ھەموو کەسێک بە ئاسانی ناتوانێت وەرگێڕان بکات.
لە ڕێوڕەسمەکەدا (د. شێرزاد شەفیع بابۆ بارزانی) ناساندنی بۆ کتێبی مەم و زینی ئەحمەدی خانی کرد و تیشکی خستەسەر: نێوەڕۆکی وەرگێڕانەکەی و بەشێوەیەکی ورد تەواوی بڕگە و قۆناغەکانی وەرگێڕانی شاکاری مەم و زینی بۆ زمانی فارسی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو، لەگەڵ ئەوەشدا دەستخۆشیی لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی کرد کە بەو شێوازە جوانە ڕێز لە بەرھەمە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکانی نووسەرانی کوردستان دەگرێت.
ستران و میوزیک بەشێکی گرنگی مەراسیمەکە بوو و تێیدا ھونەرمەند ژیوار شێخولئیسلامی چەند سترانێکی پێشکەشکرد.
لە بەشێکی تری ڕێوڕەسمەکە پانێڵێک بەنێونیشانی (مەم و زین شاکارێکی گەشی ئەدەبی) بەڕێوەچوو. تێیدا ھێرۆ شێخوئیسلامی بەنێونیشانی (کاریگەری مینیاتۆر لە کتێبی مەم و زین)،و مایکل لیزینبێرگ (مەم و زینی ئەحمەدی خانی لە ئەدەبی کلاسیک بۆ ئەدەبی جیھانی) و تەحسین دۆسکی، بەنێونیشانی (ئامانجی ئەحمەدی خانی لە نووسینی مەم و زین) بەشداربوون.
پاشان ڕێزلێنان و گوڵی ڕێز و وەفا پێشکەش بە د. شێرزاد شەفیع بابۆ بارزانی کرا.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا (٣٠) میناتۆری کتێبی مەم و زین بە شێوەی پانۆراما لەلایەن ھێرۆ شێخولئیسلامی نمایشکرا.





