٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

باڵیۆزی ھیندستان بۆ KDP: جێگای داخە کە بەعس بەو دڕندەییە مامەڵەی کردووە

سەرچاوە: KDP.info

ھەڵەبجە-KDP.info- ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە وەزارەتی تەندروستی، باڵیۆزی ھیندستان لە بەغدا پێداویستیی تەندروستیی بۆ چارەسەری بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی، پێشکەش بە نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە ھەڵەبجە کرد.

سومین باک چی، باڵیۆزی ھیندستان لە عێراق، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "ئەمڕۆ لە ھەڵەبجەین بۆ ڕادەستکردنی پێداویستیی تەندروستی بۆ نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی کیمیابارانی ھەڵەبجە، سەردانی مۆنۆمێنتی ھەڵەبجەمان کرد، جێگای داخە کە سی ساڵ لەمەوبەر ڕژێمی بەعس بەو دڕندەییە لەگەڵ گەلی خۆیدا مامەڵەی کردووە، ئەوەی بینییمان لەوێ، دەبێ ھیوا بخوازین جارێکی تر کارەساتی وەھا ڕوونەداتەوە.

باک چی دەڵێ، ئێمە لە حکوومەتی ھیندستان و باڵیۆزخانە لە بەغدا، جێگای خۆشحاڵیمانە بتوانین ئەگەر ھاوکارییەکی کەمیش بێ، ھاوکاریی تەندروستیی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی بکەین، کە تاکو ئێستاش بەدەست ئازاری چەکی کیمیاییەوە دەناڵێنن.

دەشڵێ، لە ھەرێمی کوردستانەوە خەڵکێکی زۆر بۆ چارەسەر ڕوو لە ھیندستان دەکەن، ژمارەیەکی زۆری پزیشکی ھیندستان لە کوردستانن، ھیندستانیش ئێستا وڵاتێکی پێشکەوتووە لە دروستکردنی دەرمان و نرخیشی ھەرزانە لە بازاڕدا.

باڵیۆزی ھیندستان ڕوونیشی کردەوە، ئێمە ئەمڕۆ زیاتر لە تۆن و نیوێک پێداویستیی تەندروستیمان پێشکەش بە کەرتی تەندروستیی ھەڵەبجە کردووە و ئامادەی ھاوکاریی زیاترین لە ھەموو ئەو پێویستیانەی تەندروستی، کە ھەڵەبجە لە دەرمان و چارەسەری بۆ بەرکەوتووان داوامان لێ بکەن.

 

عەزیز ڕەسووڵ

هەواڵی پەیوەندیدار