٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڤیان دەخیل بۆ KDP: کار دەکەین ھەزار پۆلیسی دیکە بۆ شنگال دابمەزرێنین

سەرچاوە: KDP.info

شنگال-KDP.info- گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق گوتی، لە چوارچێوەی رێککەوتننامەی شنگال، ھەزار و ٥٠٠ پۆلیس بۆ شنگال دامەزراون و کار دەکەین لە بودجەی ئەمساڵدا ھەزار پۆلیسی دیکەش دابمەزرێنین، کە سەرجەمیان خەڵکی شنگال دەبن.

ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی شنگال بڕیار بوو ٢ ھەزار و ٥٠٠ پۆلیس بۆ شنگال لە خەڵکی شنگال دابمەزرێن و وەزارەتی ناوخۆی عێراق باسی لەوە کرد، لەم قۆناغەدا تەنیا دەتوانن ھەزار و ٥٠٠ پۆلیس دابمەزرێنن و بودجەیان بۆ دابین بکەن، کە بە سێ وەجبە ناویان گەڕایەوە بۆ دامەزراندن و نزیکەی ٢٠٠ کەس لەوانە بە ھەر ھۆکارێک بێت نەھاتن بۆ ئەوەی دابمەزرێن، بۆیە داوامان لە وەزارەتی ناوخۆ کردووە ئەوانەی دامەزراون ئەگەر خەڵکی شنگال نەبن، ئێمە ئەوە قبووڵ ناکەین و بە گەندەڵی ھەژماری دەکەین، بۆیە چاوەڕێ دەکەین بزانین ناوەکان چۆنن و ڕێگە نادەین لە خەڵکی شنگال زیاتر کەسی تر دابمەزرێت.

دەخیل گوتیشی، ھەزار پلەی دامەزراندن ماوە، ئەویش دەمانەوێت لە یاسای بودجەی ٢٠٢٥ دابمەزرێن، بۆ ئەوەی ئەوانەی تا ئێستا ناویان نەگەڕاوەتەوە، ناوەکانیان بگەڕێتەوە و ژمارەی پۆلیسی ناوخۆی شنگال بگاتە ٢ ھەزار و ٥٠٠ پۆلیس و خەڵکی شنگال بن و نابێت خەڵکی ناوچەکانی دیکە بن، بۆیە ئێمە بەردەوام بەدواداچوونی بۆ دەکەین بۆ ئەوەی ئەو ٢ ھەزار و ٥٠٠ کەسە لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی شنگال دابمەزرێن.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار