سکرتێری ئەنەکەسە ئامانجی کشانەوەیان لە ئۆپۆزسیۆن بۆ KDP ئاشکرا دەکات

ڕۆژئاوای کوردستان-KDP.info- سکرتێری ئەنجومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا ڕایدەگەیەنێت، خۆمان بۆ قۆناغی داھاتوو ئامادە دەکەین بۆ بەدەستھێنانی مافی کورد لە سووریا و کشانەوەشمان لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا، بەھۆی ڕەخنەگرتن نەبووە، چونکە نزیکەی ١٢ ساڵ کاری زۆر باشمان پێکەوە کردووە و ئامانجی ئێمەش نەھێشتنی رژێمی سووریا بوو، ئەویش کۆتایی هات، بۆیە پێویستە خۆمان بۆ قۆناغێکی نوێ ئامادە بکەین.
محەمەد ئیسماعیل، سکرتێری ئەنجومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ئەو ھەماھەنگییەی لە نێوان ئێمە و ئۆپۆزسیۆنی سووریا هەبوو، بۆ ململانێی ڕژێمی سووریا بوو، ئەویش ڕووخا و ئێستا کە نەما بەرژەوەندیی ئێمەش نەما و ھەندێکیان جیابوونەوە و چوونە ریزەکانی سوپای سووریا، ئێمەش وەکو کورد گوتارێکی کوردیمان لە سەرتاسەری سووریا هەیە، بۆیە بۆ بەدەستھێنانی مافی کورد کار دەکەین و ڕەخنەشمان لە ئەوان نییە کە نزیکەی ١٢ ساڵ پێکەوە خەباتمان کرد.
ئیسماعیل گوتیشی، پێشتر بەڵگەنامەیەکی گرنگمان لەبارەی مافی کوردەوە واژۆ کرد و شانازی پێوە دەکەین، بۆیە ئێمە بەھۆی ڕەخنەگرتن لەو هاوپەیمانێتییە نەکشاوینەتەوە، بەڵکو باسمان لەوە کردووە کە لە دواڕۆژدا پێکەوە خەبات دەکەین لە پەرلەمان و حکوومەتی تازەی سووریا بۆ خزمەتی سووریا بە گشتی.
سکرتێری ئەنەکەسە ئاماژەش دەدات، ئەوەی پێشتر ئێمە لەناو هاوپەیمانێتیی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بووین، بۆ ململانێی ڕژێمی ڕووخاوی سووریا بوو و ئێستاش نامانەوێت ململانێی دەسەڵاتی تازە بکەین و پیرۆزباییشمان لێ کردوون و کار دەکەین بۆ ئەوەی دەست بە دیالۆگ بکەین لەگەڵیان بۆ بەدەستھێنانی مافەکانی کورد، بۆیە بە باشی خۆمان بۆ قۆناغی داھاتوو ئامادە کردووە و ئەوانیش ھەڵوێستیان تا ئێستا ھەندێک باشە لەبارەی مافی کورد لە سووریا، بۆیە ئەو ھەنگاوانە ئەرێنین و کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ و دانوستانە و ئێمەش بۆ ئەوە ئامادەین.
بڵند ئیبراھیم




