وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ KDP: ھەناردەی بەرھەمی پەلەوەری ھەرێم بۆ عێراق دەست پێدەکاتەوە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، ئەو گرفتەی ببووە ھۆی ئەوەی رێگری لە چوونی بەرھەمی پەلەوەر و ھێلکەی ھەرێمی کوردستان بۆ عێراق بکرێت، چارە کراوە و تاھەفتەی داھاتوو دووبارە بەرھەمی ناوخۆی پەلەوەری ھەرێم بۆ عێراق دەست پێدەکاتەوە.
فیراس سدیق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، خەریکە لەگەڵ عێراق دەگەینە رێککەوتن بۆ چارەکردنی ھەناردەکردنی بەرھەمی پەلەوەر و ھێلکە بۆ عێراق، چونکە ئەوان رێگر بوون بەھۆی ئەوەی باسیان لەوە دەکرد کە بەرھەمەکانی ئێمە نەخۆشییان ھەیە و بۆ مرۆڤ دەگوازرێنەوە و ئێمەش دەستمان بە پشکنین کرد و دەرکەوت ھیچ نەخۆشییەک لەناو بەرھەمەکانمان نییە و لیژنەی ئەوانیش سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کرد و ئەنجامی ئەوانیش بە ھەمان شێوە بوو و سەرەڕای ئەوەش، نموونەیەکیان بردە لای خۆیان و بڕیارە ئەنجامەکەی ئەوانیش دەربچێت، بۆیە ئەو گرفتەی ھەبوو چارە کراوە.
سدیق گوتیشی، لە ئێستادا ئەو گرفتەی ھەبوو چارە کراوە و توانراوە جارێکی دیکە دەرگا بە ڕووی چوونی بەرھەمی پەلەوەر و ھێلکەی ھەرێمی کوردستان بۆ عێراق بکرێتەوە، بۆیە تا ھەفتەی داھاتوو دووبارە ھەناردەکردنەوەی بەرھەمی ناوەخۆی ھەرێم بۆ عێراق دەست پێدەکاتەوە، چونکە بەرھەمی پەلەوەر و ھێلکەی ھەرێمی کوردستان دەرکەوت ھیچ گرفتێکی تەندروستییان نییە و بەرھەمێکی زۆریشمان ھەیە کە زیاد لە پێداویستیی ناوخۆیە.
ناوبراو باسی لەوەش کرد، ئێمە ڕۆژانە بەرھەمی ھێلکەمان ٢٠ ھەزار کارتۆن دەبێت و بەرھەمی ساڵانەی مریشکیش دەگاتە زیاتر لە ٢٧٠ ھەزار تۆن گۆشتی مریشک.
بڵند ئیبراھیم




