"توانای ئەو کۆگایانە بۆ ھەڵگرتنی بەرھەمی ناوخۆ ٦٠٠ ھەزار تۆن دەبێت"

دھۆک-KDP.info- بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دھۆک گوتی، لە پارێزگای دھۆک ١٢٦ ساردکەرەوەی ھەڵگرتنی بەرھەمی ناوخۆ ھەن، کە شوێنی ھەڵگرتنی ٦٠٠ ھەزار تۆن بەرھەمی ناوخۆیان تێدا دەبێتەوە و بەردەوامیش ساردکەرەوەی تازە دروست دەکرێن.
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، لە چوارچێوەی گرنگیدانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە کەرتی کشتوکاڵ لەم کابینەیەدا، چەندین ساردکەرەوە بۆ ھەڵگرتنی بەرھەمی ناوخۆ دروست کراون و ئێستا ئێمە خاوەن ١٢٦ ساردکەرەوەین لە پارێزگای دھۆک بە گشتی، کە ھەموویان بۆ ھەڵگرتنی بەرھەمی ناوخۆن، بۆ ئەوەی ئەگەر بەرھەم لە بازاڕیش ساخ نەبێتەوە، لەو سارکەرەوانەدا ھەڵبگیرێن تاوەکو دەفرۆشرێن، ئەمانەش پاڵپشتییەکی زۆر باشن بۆ جووتیارانی خۆمان.
جەمیل گوتیشی، ئێمە لەو کۆگایانەی ساردکەرەوەدا پارساڵ پەتاتە و پیاز و سێو و ھەنارمان هەڵگرتبوو و ئێستا کار دەکەین بۆ ئەوەی ھەموو بەرھەمی ناوخۆ ھەڵبگرین، کە توانای ئەو کۆگایانە بۆ ھەڵگرتنی بەرھەمی ناوخۆ ٦٠٠ ھەزار تۆن دەبێت، بۆیە لە دھۆک گرنگیی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵ دراوە و ئێستا ئەو کەرتە بە شێوەیەکی زۆر باش پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە.
بڵند ئیبراھیم




