ڕاگەیاندنی پارتی، وەرگێڕانی شاكاری مێژوویی (مەم و زین) بەرز دەنرخێندرێت

ههولێر-KDP.info- شاكاری مێژوویی 'مەم و زینی ئەحمەدی خانی' بۆ سەر زمانی فارسی وەردەگێڕدرێت، كە لەلایەن ئەكادیمیست و وەرگێڕ دكتۆر شێرزاد شەفیع بابۆ، كاری وەرگێڕانی كراوە.
سبەی دووشەممە 10-2-2025، دەمژمێر ٣ی ئێوارە مەراسیمی ناساندنی كتێبی 'مەم و زین، شاكارێكی مێژوویی' بەڕێوەدەچێت و تێیدا خوێندنەوە و شرۆڤە بۆ كتێبەكە دەكرێت كە بۆیەكەمجارە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی.
بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، وەرگێڕانی شاكاری مێژوویی (مەم و زین) بەرز دەنرخێندرێت و لە مەراسیمێكدا لە هۆڵی ڕاگەیاندنی پارتی، بە پێشكەشكردنی وتار و پانێڵ، ڕێز لە دكتۆر شێرزاد شەفیع بابۆ، وەرگێڕی كتێبەكە دەگیرێت.
مەم و زین، چیرۆکی ئەوینداریی دڵتەزێنی کوڕێک بە ناوی مەم و کچێک بە ناوی زینە کە 'ئەحمەدی خانی' شاعیری ناوداری کورد، نزیكەی سێ سەدە و نیو لەمەوبەر و لە ساڵی 1692 لەسەر بنەمای چیرۆکێکی ڕاستەقینە، بە شێوەزاری کورمانجی کردوویەتی بە مەسنەوییەکی بەنرخ و درێژ.
ئەحمەدی خانی ڕووداوەکانی نێو داستانەکەی سەرلەنوێ بە زیاتر لە دوو هەزار و 550 دێڕ، بە هۆنراوە داڕشتووە، مەم و زینی ئەحمەدی خانی یەکێک لە بەرھەمە گرنگەکانی ئەدەبی کلاسیکیی زمانی کوردی، كە یەکەم جار لەساڵی 1919 لە ئیستەمبوڵ چاپكراوە، هەژار موكریانی، بە هۆنراوە وەریگێڕاوەتە سەر شێوەزاری موكریانی.




