٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نەجوە کاکەیی: سوورین لەسەر یاسای گەڕانەوەی زەوی بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- لە ماوەی ڕابردوو لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سێ پڕۆژەیاسا دەنگیان لەسەر درا، بەڵام لەسەر سکاڵای چەند پەرلەمانتارێکی شیعە، دادگای فیدراڵی کارکردن بە یاساکانی ڕاگرت. لەمبارەیەوە پەرلەمانتارێکی کورد دەڵێت "سوورین لەسەر گەڕاندنەوەی زەویوزارەکان بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانی خۆیان."

نەجوە کاکەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند "دوای ئەوەی یاساکانی زەویوزار و لێبووردنی گشتی و یاسای باری کەسی لە پەرلەمانی عێراق پەسەند کران، چەند پەرلەمانتارێکی شیعە بە نایاسایی دەزانن و سکاڵایان لە دادگای فیدراڵی تۆمار کردووە، دادگاش بە شێوەیەکی کاتی کارکردنی بە یاساکە ڕاگرتووە."

کاکەیی جەخت دەکاتەوە "وەک فراکسیۆنە کوردییەکان یەکگرتوو بووین بۆ دەرچوواندن و بەیاساییکردنی ئەو بڕیارە، ھاوکات بەردەوامین و سوورین لەسەر یاسای گەڕاندنەوەی زەویوزارەکان بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانی خۆیان وەک ئەوەی لە یاساکەدا ھاتووە جێبەجێ بکرێت، ھەروەھا دادگای فیدراڵی بۆ کۆتا بڕیار لەسەر یاساکە، گوێ لە ھەموو لایەنێکی تایبەتمەند بە سکاڵاکە دەگرێت نەک تەنیا گوێ لە لایەنی سکاڵاکار بگرێت."

ناوبراو دەشڵێت "بۆ ئەوەی کێشە دروست نەبێت، وا ڕێککەوتبووین لە کاتی پەسەندکردنی یاساکان دەنگ بدرێت بە یاسای لێبووردنی گشتی کە سوننەکان داوایان کردبوو، ھەروەھا یاسای گەڕانەوەی زەویوزار بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان کە پڕۆژەی کورد بوو، ھاوکات دەنگ بدرێت بە یاسای باری کەسیی شیعەکان کە پڕۆژەی ئەوان بوو، ئەمەش ئەو ڕێککەوتنە بوو ھەموومان پێکەوە پێی ڕازی بووین."

هەواڵی پەیوەندیدار