ھێمن ھەورامی: لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆبووینەوە

ئەمریکا-KDP.info- ھێمن ھەورامی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە لەسەر دۆخی سوریا و ئاسایشی ناوچەکە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆبووینەوە.
ھێمن ھەورامی بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر روانگەو رۆڵ و پێگەی ھەرێمی کوردستان لە پرسی گۆڕانکارییەکانی سوریا، لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ تۆم رۆسنبێرگەر جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری سوریا و ناوچەکە و سکۆت بۆڵتز نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری باکوری رۆژھەڵاتی سوریا کۆبووینەوە.
ھێمن ھەورامی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دەشڵێت، لەم دیدارەدا ھەڵوێست و روانگەی سەرۆک بارزانیمان بۆ روونکردنەوە و بە وردی لەسەر ھەوڵ و ھەنگاوەکانی جەنابیان و پەرۆشی جەنابیان بۆ ئاشتی و سەقامگیری و یەکریزی کورد لەگۆڕانکارییەکان خستە روو.
لە دیدارەکەدا، بەرپرسانی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە بایەخەوە پێگەو رۆڵی سەرۆک بارزانییان ھەڵسەنگاند لە نزیکتر خستنەوەی لایەنە کوردییەکان و بەردەوامی ئەم ھەوڵانەی جەنابیان بە پڕ بایەخ وەسف کرد
ئاماژەیشی دا، لەسەر دۆخی قۆناغی گواستنەوە لە دیمەشق و دۆخی ئاسایشی سوریا و لێکەوتەکانی بۆ ئاسایشی ھەرێمایەتی و ھەماھەنگی زیاتر لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بۆ بەرژەوەندی و ئارامی گشتی ناوچەکە، گفتوگۆیەکی وردمان ھەبوو.




