٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"بەدووری ده‌زانم یاسای خانەنشینی لەم خولەی پەرلەماندا ھەموار بکرێتەوە"

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- پەیوەست بە ھەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینی، ئەندامێکی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت،‌ نیەتێک ھەیە بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینی لە عێراق، بەڵام تا ئێستا ھیچ پڕۆژەیەک بۆ ھەموارکردنەوەی پێشکەش نەکراوە.

سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی ئابووری پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکیدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "لێرە و لەوێ باس لە ھەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینی دەکرێت، نیەتێکیش ھەیە بۆ ھەموارکردنەوە، بەڵام تا ئێستا ھیچ پڕۆژەیەک بۆ ھەمواری یاسای خانەنشینی پێشکەش بە پەرلەمانی عێراق نەکراوە، چونکە ھەموارکردنەوەی ھەر یاسایەک پێویستی بە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسا ھەیە.

ئەندامەکەی لیژنەی ئابووری دەشڵێت، "یاسای خانەنشینی یەکێکە لە یاسا گرینگەکان و پەیوەندی بە ژیانی ھاووڵاتیان و فەرمانبەرانەوە ھەیە، لەبەر ئەوەش دەستبردن بۆ ھەموارکردنەوەی کارێکی وەھا ئاسان نیە و پێویستی بەخۆئامادەکردن ھەیە، ئەگەر پڕۆژەکە پێشکەش بکرێت ئەوا دڵنیاین لەناو پەرلەمان مشتومڕی زۆر دروست دەکات و کاتێکی زۆری پێویستە بۆ ئەوەی بگاتە ئەنجام.

سیپان شێروانی گوتیشی، "من لەو باوەڕەدانیم لەم خولەی پەرلەمانی عێراق یاسای خانەنشینی ھەمواربکرێتەوە، لەبەر ئەوەی خولی ئێستای پەرلەمان بەرەو کۆتایی دەچێت و کەمتر لە ١٠ مانگی دیکە ھەڵبژاردن لە عێراق بەڕێوەدەچێت، ئەوەش مانای ئەوە دەگەیەنێت بەدووری بزانین یاساکە لەم خولەی پەرلەماندا ھەموار بکرێتەوە.

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار