نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى سه‌رۆكى ڕووسیا كۆبوویەوە

ھەولێر-KDP.info- نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 2025/2/6 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازیی له به‌ڕێز میخائیل بوگدانۆڤ نوێنه‌رى تایبه‌تى سه‌رۆكى ڕووسیا و جێگرى وه‌زیرى ده‌ره‌وه و شاندێكى یاوه‌رى كرد.
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا، بره‌ودان به په‌یوه‌ندییه‌كانى ڕووسیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، وه‌به‌ر‌هێنانى ڕووسى له هه‌رێمى كوردستان، دۆخى سووریا و دوایین پێشهاته‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستیان تاوتوێ كرد.
سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى وێڕاى جه‌ختكردنه‌وه له خواستى هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌ره‌وپێشبردنى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ ڕووسیا، ئاماژه‌ى به ئاماده‌یى و ڕۆڵى كۆمپانیا ڕووسییه‌كان له هه‌رێمى كوردستان به‌تایبه‌تى له بوارى هاریكاریى وزه‌دا كرد. هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانینى بۆ ڕووسیا دووپات كرده‌وه كه له كاته سه‌خته‌كاندا، یارمه‌تیى هه‌رێمى كوردستانى داوه.
هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگیى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیرى له عێراق و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، هه‌روه‌ها باسیان له ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان و هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانى حكوومه‌تى داهاتووى هه‌رێمى كوردستان كرد.
ده‌رباره‌ى دۆخى سووریاش پشتیوانیى خۆیان بۆ ئارامى و سه‌قامگیرى له وڵاته‌كه ده‌ربڕى و جه‌ختیان له پاراستنى مافه‌كانى كورد و ته‌واوى پێكهاته‌كان له سووریا كرده‌وه. هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه تیشكیان خسته سه‌ر هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كانى داعش له عێراق و سووریا و داكۆكییان له گرنگیى ڕێگرتن له سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى كرد.
په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى ناوچه‌كه و چه‌ند پرسێكى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو که به‌ڕێز باڵیۆزی ڕووسیا له عێراق و ژماره‌یه‌ک له به‌رپرسان ئاماده‌ی بوون.




