٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فراکسیۆنی پارتی بۆ KDP: پڕۆژەمان بۆ ئاوارەکان ھەیە

سەرچاوە: KDP.info

شنگال-KDP.info- گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، پڕۆژەیەکیان ھەیە ئاوارەکان لەجیاتی ئەوەی بچنە شنگال و مووسڵ کارتی نیشتیمانی دەربێنن، لە کەمپەکان مامەڵەیان بۆ دەکرێت و لە دھۆکیش کارتی نیشتیمانیی خۆیان وەردەگرنەوە، کە مانگی داھاتوو دەست پێدەکات.

ڤیان دەخیل، لە لێدوانێکیدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بە ھەوڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کارمان کردووە لە ماوەی ڕابردوودا و پڕۆژەیەکمان بۆ ئاوارەکان ھەیە لە کەمپەکان کارتی نیشتیمانییان بۆ دەربھێنین، چونکە زەحمەتە بۆ ئەوان بچنە مووسڵ و شنگال و زۆرێک لەوان ناتوانن بچن و تێچووی زۆرە و ھەیە حەوت تا ھەشت سەر خێزانە و زۆر زەحمەتە، زۆرێک لە خەڵکیش گلەییان لە نووسینگەکانی شنگال ھەیە و کاتی زۆری دەوێت تا پشتگیرییەکیان پێدەدەن، بۆیە ئەو پڕۆژەیەمان ئامادەکرد بچینە کەمپەکان و ناویان تۆمار بکەین و بەڵگەکان دروست بکرێت و پشتگیریی کەمپەکان وەربگرن و مۆر بکرێت.

دەخیل گوتیشی: ئەو ھەنگاوانەی پێویستن بەغدا داوای کردووە، کە تەواو بوون، ئاوارەکان لە فەرمانگەی ناسنامە و پاسپۆرت لە دھۆک پەنجەمۆر دەکەن و کارتی خۆیان وەردەگرن، ئێمە ئەم پڕۆژەیەمان لە کۆتایی مانگی ١٢ی ساڵی ڕابردوو پێشکەشکرد.

گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی، ھەروەھا ڕوونیشی کردەوە: وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەو ھەنگاوەیان ڕاگرت تاوەکو پێداچوونەوەی خۆیان بکەن لە کۆتایی ساڵدا، بەڵام لە ٢٠ ڕۆژی ڕابردوودا دھۆک خۆی تەرخان کردووە بۆ پێشمەرگە و پۆلیس و سوپا، ئەوانە ئەگەر کارتی نیشتیمانی دروست نەکەن، بێبەش دەبن لە وەرگرتنی مووچە، بۆیە لەم مانگەدا تەواو بێت، دەست بە کاری خۆمان دەکەین، بۆ ئەوەی لە کەمپەکان و لە دھۆک کارتی نیشتیمانی بۆ ئاوارەکان دەربێت.

ناوبراو دەشڵێت: ئەو مەترسییەی لەسەر بڕینی مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتیی ئاوارەکان ھەبوو، لەگەڵ وەزیری کاروباری عێراق قسەمان کردووە دوابخرێت، تاوەکو ئەوانیش کارتی نیشتیمانی دەربێنن، بۆیە ڕازی بووە و مووچەیان نابڕن تاوەکو دەبنە خاوەن کارتی نیشتیمانیی خۆیان و ئەو گرفتەشمان چارەسەر کردووە، بۆیە وەکو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و فراکسیۆنی پارتی ھەموو کارێک دەکەین خزمەت بە ئاوارەکانی خۆمان بگەیەنێت و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش زۆر ھاوکارە.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار