٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی کارەبا: کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ ٨ گەڕەکی دیکەی شاری ھەولێر دابین دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی کارەبا لە ڕێگەی پرۆژەی ڕووناکییەوە کارەبای نیشتیمانیی ٢٤ کاتژمێری بۆ ھەشت گەڕەکی دیکەی شاری ھەولێر دابین دەکات.

لە چوارچێوەی ھەوڵەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری، وەزارەتی کارەبا لە ڕێگەی پرۆژەی ڕووناکییەوە کارەبای نیشتیمانیی ٢٤ کاتژمێری بۆ ھەشت گەڕەکی دیکەی شاری ھەولێر دابین دەکات، کە بریتین لە گەڕەکەکانی (کوران، ڕزگاری، کوردستان، بەھار، کرێکاران، ئازادی، ماجیداوە و ڕاستی) و زیاتر لە ٢٨ ھەزار ھاوبەشی کارەبا لەخۆگرتووە. 

وەزارەتی کارەبا لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندووە، پێشتر گەڕەکەکانی (شادی، بەھاری نوێ، نازناز، بەختیاری و سەربەستی) بە ٢٢ ھەزار ھاوبەشەوە کرابوونە ٢٤ کاتژمێری و بەم شێوەیە بەکۆی گشتی ٥٠ ھەزار ھاوبەش لەم خزمەتگوزارییە سوودمەند دەبن.

وەزارەتەکە دەڵێت: لەگەڵ شاری ھەولێر، کارە تەکنیکییەکان لە ھەردوو پارێزگای سلێمانی و دھۆک دەستی پێکردووە، و لە چەند ھەفتەی داھاتوودا چەند گەڕەکێک لەو پارێزگایانەش دەکرێن بە کارەبای ٢٤ کاتژمێری.

هەواڵی پەیوەندیدار