سەرۆکی حکوومەت پێشوازی له شاندێکی سەڵتەنەی عومان دەکات

ھەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی و شاندی سەڵتەنەی عومان گرنگیی کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتیی عومان لە کوردستان لە ئایندەیەکی نزیکدا تاوتوێ دەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی سەڵتەنەی عومان بە سەرۆکایەتی قەیس بن محەممەد ئەلیوسف وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و برەودان بە وەبەرھێنانی سەڵتەنەی عومان کرد.
لە دیدارەکەدا جەخت لە پێویستیی بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و سەڵتەنەی عومان، لە بوارە جۆراجۆرەکاندا، بە تایبەتی بازرگانی، پیشەسازی و وەبەرھێناندا کرا.
سەرۆکی شاندی عومان، خۆشحاڵی خۆیان بە سەردانیان بۆ ھەرێمی کوردستان نیشاندا و ئامادەیی وڵاتەکەیان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە دەربڕی. لەمبارەیەوە ئاماژە بە گرنگیی کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتیی عومان لە ھەرێمی کوردستان لە ئایندەیەکی نزیکدا کرا.
سەرۆکی حکوومەت خواستی ھەرێمی کوردستانی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ سەڵتەنەی عومان دووپات کردەوە.





