د.محەمەد سدیق خۆشناو: ئەستەمە بتواندرێت یاسای ھەڵبژاردن ھەموار بکرێتەوە

بەغدا - KDP.info - ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەستەمە بتوانرێت یاسای ھەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق ھەموار بکرێتەوە، وەکو خۆی دەبێت و ھەر پارێزگایەک بازنەیەک دەبێت، بۆیە پارتی گرفتی لەگەڵ شێوازی ھەڵبژاردن نییە و ھەمیشە بۆ ھەڵبژاردن ئامادەیە، چونکە دەنگی خۆی ھەیە و دەنگیش دێنێت."
د.محەمەد سدیق خۆشناو، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوا بڕیار لەبارەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەوەیە ھەر پارێزگایەک لەو ھەڵبژاردنە دەبێتە بازنەیەک کە لە ٢٠٢١ ھەر ناوچەیەک بازنەیەک بوو، زۆر جار دەنگۆی ئەوەی بڵاو دەکرێتەوە یاساکە ھەموار بکرێتەوە، من بڕوا ناکەم کات مابێت بۆ ھەمواری یاساکە و بتوانین دەستکاری بکەین، چونکە ئێمە ١٠ مانگمان بۆ ھەڵبژاردن لە پێش ماوە، ئەوە ڕێگەمان پێ نادات یاساکە ھەموار بکرێتەوە و کۆمسیۆن ئامادەکاری بکات، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت ھەڵبژاردن لە مانگی ١١ بکرێت و گۆڕانکاری لە یاسای ھەڵبژاردن نەکرێت."
د.محەمەد سدیق خۆشناو گوتیشی: "لە ھەڵبژاردنی ٢٠٢١ ئێمە بەشداریمان کرد، ھەر ناوچەی بازنەیەک بوو، من پێم باش بوو، بەڵام ئێستا بڕیار دراوە لەسەر ئاستی پارێزگا بازنە دروست بکرێت و کاری پێ دەکرێت، بۆ ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان ھیچ جیاوازی نییە، یەک بازنە بێت یاخود زیاتر، چونکە پارتی دەنگی خۆی ھەیە و دەنگی خۆشی بەدەست دێنێت و ھیچ گرفتێکی لەسەر شێوازی ھەڵبژاردن نییە و ھەمیشە بۆ ھەڵبژاردن ئامادەیە."
بڵند ئیبراھیم




