بەرپرسی لقی ١٧ی پارتی جەخت لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەی شنگال دەكاتەوە

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شنگال ڕایدەگەیەنێت، هەر پۆستێک دەبێ بەپێی ڕێککەوتن و ئیستحقاقی هەڵبژاردن بێ و ڕێککەوتنی لەسەر کرابێ.
نازم هەرکی، بەرپرسی لقی ١٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شنگال، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "پارتی هەر سێ کورسیی پەرلەمانی لە شنگال بەدەستهێناوە و بەپێی ئیستیحقاق، پۆستە ئیدارییەکان بۆ پارتین."
هەرکی گوتیشی، "هەموو ئەو هەوڵانە نایاسایین و تەنیا سیاسین، بۆیە دەبێت لایەنەکان لەبارەیانەوە گەیشتبنە ڕێککەوتن و ڕێككەوتنیان لەبارەوە کرابێ."
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە دەبێت ئەو لایەنانە بە خۆیاندا بچنەوە و خەمی خەڵکی شنگال بخۆن، چونکە خەڵکی شنگال پێویستیان بە ئاوەدانکردنەوەی شارەکەیان و گەڕانەوەیان هەیە.
بەرپرسی لقی ١٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شنگال، جەختی لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال کردەوە و گوتی، "ئەم ڕێککەوتنە لە نێوان دوو حکوومەتدا کراوە و لایەنی سێیەم (نەتەوە یەکگرتووەکان)یش بەشداری تێدا کردووە. تاکە چارەسەر بۆ دۆخەکە جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنەیە."
کاروان باعەدری




