عەبدولڕەحمان سدیق پلانی دەستەكەیان لە ڕێگەی KDPیەوە بۆ ساڵی ٢٠٢٥ ئاشكرا دەكات

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پلانێکی زۆر باشیان بۆ ئەمساڵ داناوە و دەیانەوێت کۆمەڵێک کاری زۆر باش ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەی بتوانن ژینگەی ھەرێمی کوردستان لە ھەموو بوارەکاندا باشتر بکەن.
ئەندازیار عەبدولڕەحمان سدیق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت، ھەندێک لە ھێڵە گشتییەکانی پلانی دەستەی ژینگە بۆ ساڵی ٢٠٢٥ بریتین لە بواری کارەکانی فەرمانگەی کاروباری ھونەری لە دەرچوواندنی رێنمایی نوێ لەبارەی کوالێتی ھەوا و بەردەوامیی ھەماھەنگیی لەگەڵ وەزارەتی ژینگەی عێراق لەو رێککەوتننامە نێودەوڵەتییانەی کە عێراق تێیدا بووە بە ئەندام و کردنەوەی خولی راھێنان لە بواری ماددە تیشکاوەرەکان بۆ فەرمانبەرانی بەشی تیشک، هەروەها لە بواری کارەکانی فەرمانگەی کارگێڕیی و دارایی و یاسایی ھەوڵدان بۆ تەواوکردنی باڵاخانەی دەستەی ژینگە کە تا ئێستا ٤٥% ی تەواو بووە و ئامادەکردنی رەشنووسی نوێی یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە و ھەموارکردنەوەی بەشێک لە رێنماییە ژینگەییەکان.
سدیق گوتیشی، لە بواری کارەکانی فەرمانگەی ھۆشیارکردنەوەی ژینگەیی و راگەیاندن، کار دەکەن بۆ بەردەوامبوون لە پرۆسەی پەروەردەی ژینگەیی بۆ قوتابیان لە ناوەندەکانی خوێندن و بەردەوامبوون لە ھەماھەنگی لەگەڵ رێکخراوە ژینگەییەکان و بەشداریکردن لە سیمینار و وۆرکشۆپی ژینگەیی لە زانکۆ و پەیمانگاکان و ھەوڵدان بۆ دیاریکردنی ڕۆژی ژینگە بۆ پارێزگای ھەڵەبجە و ئیدارەکانی سۆران و زاخۆ، ھاوشێوەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی دیکە.
دەشڵێت، لە بواری کارەکانی فەرمانگەی گۆڕانی کەشوھەواوە، کار دەکەن بۆ ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی کارەبا بۆ زیاتر بەرھەمھێنانی کارەبا لە وزەی خۆر و ئاو و با و ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە بۆ دابینکردنی ھۆکارەکانی گواستنەوەی گشتیی بەردەوام و ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بۆ پڕۆژەی بینا و باڵاخانەی رێگەوبانی ژینگەیی و ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ دامەزراندنی پارێزراوە سرووشتییەکان و ھاندانی بانکە تایبەتەکان بۆ پشتگیریکردنی پڕۆژە بچووکەکانی تایبەت بە لاوان و ئافرەتان لە بواری ئەو کارانەی کە ئاسەوارەکانی گۆڕانکاریی کەشوھەوا کەم دەکەنەوە و ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی بۆ پڕۆژەکانی ریسایکلینی ئاوی قورس و پاشەڕۆکان و سەوزکردنی شار و زیادکردنی رووبەری سەوزایی و ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بۆ کارکردن لەسەر سوودوەرگرتن لە تەکنۆلۆژیای نوێ لە بواری پیشەسازیی نەوتدا، هەروەها بەردەوامیدان بە پڕۆژە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت لە بواری دابینکردنی وزەی خاوێندا و داواکردنی ھاوکاریی تەکنیکی بۆ ھەرێمی کوردستان لە پێناو جێبەجێکردنی پلانی ھەرێمی کوردستان بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی کەشوھەوا و پشتگیریکردنی داھێنانەکانی پەیوەست بە کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوھەوا و خۆگونجاندن لەگەڵ ئاسەوارەکانیدا.
بڵند ئیبراھیم




