"فراکسیۆنی پارتی بە یاسا زەویە داگیرکراوەکانی شنگال بۆ خاوەنەکانیان دەگەڕێنێتەوە"

بەغدا -KDP.info- گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی "پڕۆژە یاسایەکمان پێشکەشی پەرلەمان کردووە بۆ ئەوەی لەڕێگەی یاساوە ئەو زەویانەی کاتی خۆی لە خەڵکی شنگال و دەوروبەری داگیرکراوە بۆیان بگێڕدرێتەوە، ئێستا کار لەسەر یاساکە دەکەین.
ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "پێشنیازی یاسایەکمان پێشکەشی پەرلەمانی عێراق کردووە، تا ئەو زەوییانەی شنگال کە کاتی خۆی بە بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی ڕژێمی بەعس زەوت کراون بۆ خاوەنەکانیان بگێڕدرێنەوە، سەرەتا داوامان لە خەڵکی خۆمان کردووە ئەوەی بەڵگە و تاپۆی ھەیە ڕەوانە بکەن بۆ ئەوەی ژمارەی بڕیار لە ناوەڕۆکی یاساکە بنووسین، لە شنگال و زوممار هەندێکمان پێ گەیشتووە، چاوەڕێ دەکەین زیاترمان بەدەست بگات، لێرەوە داوا دەکەین ئەوەی کاتی خۆی زەوی داگیرکراوە ژمارەی بڕیارەکەمان زۆ ڕەوانە بکات بۆ ئەوەی لە یاساکەی دابنێین."
ڤیان دەخیل گوتیشی "ھەرکاتێک دەنگ لەسەر یاساکە درا و پەسەند کرا، ئەو زەویانەی بەزۆری لە خەڵک وەرگیراوە و داگیرکراون بۆیان دەگەڕێتەوە، چونکە ئەوانەی زەویان داگیرکراوە بڕیاری داگیرکردن و ژمارەی بڕیارەکەیان لایە، جا ھەر بەڵگەیەکیان لایە با بۆمان ڕەوانە بکەن بۆ ئەوەی زەویەکانیان لەڕێگەی یاسایەک بۆ بگەڕێنینەوە کە لە پەرلەمان دەربچێت و دەنگی لەسەر بدرێت، بۆیە ھەوڵی جدی دەدەین بۆ گەڕاندنەوەی زەوی ئەو خەڵکەی لە سەردەمی ڕژێمی بەعس زەوییان داگیر کراوە.
بڵند ئیبراھیم




