سکرتێری ئەنەکەسە بۆ KDP: ئاسۆیەکی باش دوای دەستپێشخەری سەرۆک بارزانی ھەیە

رۆژئاوای کوردستان-KDP.info- سکرتێری ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا ڕایدەگەیەنێت، دوای دەستپێشخەریی سەرۆک بارزانی بۆ یەکڕیزیی ناوماڵی کورد لە سووریا، ئێستا زەمینەیەکی باش دروست بووە بۆ ئەوەی کورد لە رۆژئاوای کوردستان یەکگرتوو بێت و سەرقاڵی دروستکردنی شاندێکی ھاوبەشین، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتی تازەی سووریا بکەین بۆ بەدەستھێنانی مافی گەلی کورد.
محەمەد ئیسماعیل، سکرتێری ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "ھەنگاوە سەرەتاییەکان بۆ یەکگرتوویی کورد لە رۆژئاوای کوردستان باشن و سەرۆک بارزانیمان بینی و دوای ئەوەی جەنابیان مەزڵوم عەبدییان بینی، جارێکی دیکە ئێمەش سەرۆک بارزانیمان بینی و دیدارێکمان لەگەڵ ئەمەریکی و فەڕەنسییەکان ئەنجام دا، بۆیە زەمینەیەکی زۆر باش دروست بووە بۆ ئەوەی لایەنە کوردییەکان لە رۆژئاوای کوردستان یەکگرتوو بن و پشتگیرییەکی جەماوەری ھەیە، بۆیە ھەڵوێستێکی ھاوبەش لە نێوان ئێمە و پەیەدەدا دروست بووە، بۆ ئەوەی بتوانین مافی کورد لە سووریای نوێ بەدەست بێنین، بۆیە ھەنگاوی یەکەم زۆر باشە و زەمینەیەکی لەبار ھەیە.
محەمەد ئیسماعیل گوتیشی، "لە قۆناغی پێشوودا ناکۆکیکمان ھەبوو و دوای ڕووخانی رژێمی سووریا ئێستا ئاسۆیەکی باش ھەیە بۆ میللەتی کورد لە سووریا، بۆ ئەوەی بگاتە مافەکانی خۆی، بۆیە ھەوڵ دەدەین وەکو کورد مافی کورد لە سووریا بەدەست بێنین و بە یەک ھەڵوێست ھەوڵ بدەین ئەگەر ناکۆکیشمان ھەبێت، لە داھاتووی سووریادا مافی کورد بەدەست بێنین، بۆیە سەرۆک بارزانی دەیەوێت ئێمەی کورد لە رۆژئاوای کوردستان یەکڕیز و یەکدەنگ بین و بتوانین لە سووریای نوێدا مافەکانی گەلی کورد بەدەست بێنین، بۆیە ئێمەش لەسەر دەستپێشخەریی سەرۆک بارزانی کار دەکەین بۆ ئەوەی ئەو یەکڕیزییە دروست بێت، ئێستاش ھەوڵ دەدەین و کار دەکەین بۆ ئەوەی ھەڵوێستێکی ھاوبەشمان ھەبێت و شاندێکی ھاوبەش دروست بکەین و بچێتە سووریا و گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتی تازەی سووریا بکەین، بۆ ئەوەی بتوانین مافەکانی گەلی کورد لە حکوومەتی تازەی سووریادا بچەسپێنین، بەڵام سەرەتا یەکگرتوویی کورد گرنگە ھەبێت.
بڵند ئیبراھیم




