٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ماڵپەڕی KDP وادەی ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی پرۆسەی سەرژمێری ئاشکرا دەكات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری  جێبەجێکاری پرۆسەی سەرژمێری لە ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، دوای تەواوبوونی پرۆسەی سەرژمێری لە ھەرێمی کوردستان و عێراق، ئێستا کار بۆ ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی دەکرێت و بڕیارە لە ٢٥ی ئەم مانگەدا ئەنجامەکان بەفەرمی ڕابگەیەندرێن، کە ئەوکات ڕێژەی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان و عێراق دیار دەبێت و لەسەر ئەو بنەمایەش بەشەبودجە و کورسیی پەرلەمانیش دیاری دەکرێت.

مەحموود عوسمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پرۆسەی سەرمێری لە ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، دوای تەواوبوونی پرۆسەی سەرژمێری لە ھەرێمی کوردستان، ئێستا کار دەکرێت بۆ ئەوەی ئەنجامەکان ڕابگەیەندرێن، پێشتریش باس لەوە کرا لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا ئەنجامەکان ڕادەگەیەنن، بەڵام بەھۆی تەواونەبوونی کارەکان بڕیارە لە ٢٥ی ئەم مانگەدا ئەنجامی کۆتایی پرۆسەی سەرژمێری ڕابگەیەندرێت، کە ئەوکات ھەموو ئامار و داتاکان بە وردی دیار دەبن.

عوسمان گوتیشی، حکوومەتی عێراق باسی لەوە کردووە، کە ئەم سەرژمێرییە بۆ دوو مەبەست بەکار دێت، سەرەڕای ئەوەی بۆ گەشەپێدانی وڵاتە، بۆ دیاریکردنی بودجەی ھەموو پارێزگاکانە بەپێی ئەنجامی ئەو سەرژمێرییە و دیاریکردنی کورسیی پەرلەمانی عێراقیشە، بۆیە ئەوکات ڕێژەی دانیشتووانی ھەرێم و پارێزگاکان دیاری دەکرێت و ھیچ بیانوویەک نامێنێت، بۆ ئەوەی باس لەوە بکرێت ڕێژەی کورد لە عێراق چەندە و ھەر کەسێک لەخۆیەوە قسە بکات.

بەڕێوەبەری  جێبەجێکاری پرۆسەی سەرژمێری لە ھەرێمی کوردستان دەشڵێ، ئەوکات ڕێژەکە بە تەواوی دیار دەبێت و ئەو گرفتەی ھەبوو چارەسەر دەبێت و لەسەر ئەو بنەمایە دەتواندرێت پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجە دیاری بکرێت، چونکە دەزانرێت ڕێژەی کورد لە عێراقدا چەندە.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار