٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

رۆژنامەی (ئیستقلال) باسی کۆبوونەوەكەی نێوان سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی دەكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- رۆژنامەیەكی عەرەبی ئاماژە بەوە دەكات كە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لە مێژووی سووریا، سەرۆک بارزانی هەوڵی داوە ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕێت لە یەکخستنی کوردەکانی سووریا و پەیوەستکردنیان بە پرۆسەی سیاسیی نوێی وڵاتەکە و وەدیهێنانی مافەکانیان.

لەم بارەیەوە بەشی ئینگلیزیی ڕۆژنامەی (ئیستیقلال) كە ڕۆژنامەیەكی عەرەبییە و زۆرتر راپۆرت لەبارەی فەڵەستینەوە دەكات، لە نوێترین ڕاپۆرتیدا بەناونیشانی (یەکگرتوویی کورد، دیمەنی سیاسی لە سووریای نوێ دەگۆڕێت)  باسی لە کۆبوونەوەیەکی نێوان سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی، سەرۆکی هێزەکانی سووریای دیموکرات کردووە کە لە 17ی کانوونی دووەمی 2025 لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو.

سەبارەت بە کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، ڕۆژنامەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە: "ئەم کۆبوونەوەیە بە یەکێک لە گرنگترین کۆبوونەوەکان دادەنرێت، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە سووریا لە قۆناغی گۆڕانکارییەکی سیاسیی گەورەدایە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد."

ڕۆژنامەکە، هەروەها باسی لەوەش کردووە: "ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە یەکخستنی بەرەی کوردی لە سووریا و هەوڵدان بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ حکوومەتی نوێی سووریا. هەروەها مەزڵووم عەبدی لە کۆبوونەوەکەدا داوای لە سەرۆک بارزانی کردووە کە نێوەندگیری لەگەڵ تورکیا بکات بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات. هەروەها باسیان لە پرۆسەی گۆڕانکارییەکانی سووریا کردووە و ئاماژەیان بەوە داوە کە پێگەی کورد لە سووریا دەبێت یەکگرتوو بمێنێتەوە. هەروەها باسی ئەوە کراوە کە کوردەکانی سووریا دەرفەتی زێڕینیان هەیە بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی گرنگ لە داڕشتنی داهاتووی سووریا بگێڕن."

لەبەشێکی دیکەی ئەو ڕاپۆرتەدا باس لەوە کراوە کە ئەم کۆبوونەوەیە دەتوانێت ببێتە هەنگاوێکی گرنگ بۆ یەکخستنی کوردەکانی سووریا و پەیوەستکردنیان بە پرۆسەی سیاسیی نوێی سوریاوە. هەروەها دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لە کەمکردنەوەی کاریگەریی (پەکەکە) لەسەر کوردەکانی سووریا و عێراق بگێڕێت.

هەر لە راپۆرتەكەدا شرۆڤەکاری سیاسی بەهائەدین بەرزنجی لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوە کردووە، کە پێویستە هێزە کوردییەکان لە سووریا خۆیان لە پەکەکە دوور بخەنەوە.

بەرزنجی هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە سەردانی مەزڵووم عەبدی و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك بارزانی زۆر گرنگە، ئەمەش لە بەرامبەردا پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ئیدارەی نوێی سووریادا خوڵقاندووە.

دەشڵێت: "بارزانی وەک کەسایەتییەکی جێی متمانە و قەبووڵكراو لەلایەن تورکیا و وڵاتانی ڕۆژئاوا و وڵاتە عەرەبییەکانەوە سەیر دەکرێت، کە ئەمەش دەرفەتێکی گرنگ دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی کاریگەر لە پرۆسەی سیاسیی سووریا بگێڕێت."

بەرزنجی هەروەها دەشڵێت: "پێدەچێت ئەمریکا هانی سەرۆك بارزانی بدات بۆ یارمەتیدانی سەقامگیرکردنی کاروباری کورد لە سووریا، ئەویش وەک گەرەنتییەک لە دانوستانەکان لەگەڵ تورکیا و حکوومەتی نوێی سووریا."

پێشبینیی ئەوەشی کردووە کە ڕەنگە لە ئێستاوە کۆدەنگییەکی تورکی - ئەمریکی بۆ پشتگیریکردن لەم پرۆسەیە هەبێت.

هەواڵی پەیوەندیدار