یاد و ڕۆڵی ئیدریس بارزانی ھیچ کات لە دڵی تێکۆشەرانی گەلی کوردستان دەرناچێت

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ ٣٨ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ئیدریس بارزانی ھەمیشە زیندوو تێپەڕ دەبێت، لەمبارەشەوە ھاوڕێیەکی کۆچکردوو دەڵێت، کاکە ئیدریسی ھەمیشە زیندوو لەسەر دەستی ئەو ئاشتبوونەوەی گشتی لە نێوان پارتی و یەکێتی واژووکرا، هاوکات باس لەوەش دەکەن ئیدریس بارزانی هەمیشە دەیوت مردن لە پێناو گەلەکەت سەرفرازییە.
خالد شلی، ھاوڕێی نزیکی ئیدریس بارزانی باس لە ژیانی خۆی لەگەڵ ئیدریس بارزانی دەکات و دەڵێت، "ئیدریس بارزانی مرۆڤێکی باوەڕدار و سیاسی و ھەڤاڵدۆست بوو، هاوکات باسی ئەو کاتانە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات کە لە پێشمەرگایەتیدا لەگەڵی بووە و کە ھەمیشە ئیدریس بارزانی لەگەڵ پێشمەرگە بوو و ژیانی پێشمەرگایەتی پێش ھەموو شتێک دادەنا.
خالد شلی دەشڵێ، "ئیدریس بارزانی ھەموو ئاواتی ئەوەبووە کورد یەکگرتوو و یەکڕیزبن و بە مافی خۆی بگەن، ئیدریس بارزانی دەشیوت مردن لە پێناو گەلەکەت سەرفرازییە.
هاوكات نەجات حەسەن، له یادی ٣٨ ساڵه كۆچی دوایی ئیدریس بارزانی دهڵێ، "گەلی کورد قەرزاری توانا و دیبلۆماسیەتی ئەندازیاری ئاشتی گەلی کورد ڕەوانشاد ئیدریس بارزانییە، بێگومان ڕۆڵی ئەو مرۆڤە بەرزە ھیچ کات لە دڵی تێکۆشەرانی گەلی کورد و ڕۆڵەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەرناچێت و بەندە زۆر کات لە ئەرکەکانی خۆمان ئەوکاتەی لە لقی ھەشتی پارتی دیموکراتی کوردستان کارگێڕی لق بووم شههید ئیدریس بەشداری لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی ئێمەدا دەکرد و ھەمیشە ھانی دەداین بۆ یەکبوون و یەکڕیزی و برایەتی لەناو گەلی کورد و ناوخۆ کە بتوانین کارەکانمان لە خزمەتی چینی ھەژار و تێکۆشەرانی گەلی کورد بێت و ھەوڵبدەین ئایندەیەکی گەش بۆ گەل فەراھەم بکەین.
نەجات حەسەن باسی ڕۆژێک پێش ماڵئاوایی دەکات و دەڵێت، "ڕۆژێک پێش ئەوەی کاکە ئیدریسی ھەمیشە زیندوو ماڵئاوایی بکات لە دیداری بەڕێزیان لە ماڵی خۆی ئەو شەرەفەم بەرکەوت گوێ لە ئامۆژگاریەکانی بگرم و بتوانم بەشێک بم لە فەرمانەکانی کە ئەو بە پەسەندی دەزانی جێبەجێی بکەم.
ناوبراو دەشڵێت، "ئیدریس بارزانی ئەو کات بەمنی گوت ئێمە لە گەرمیان پێویستمان بەتوانای ڕۆڵەیەکی وەکو تۆیە چی دەڵێی لە لقی ھەشت بگوزارێیەوە بۆ لقی سێی پارتی، منیش بێ یەک و دوو پێشنیازەکەم پەسەندکرد، بەڵام بەداخەوە لە ڕۆژی دواتر ماڵئاوای لێمانکرد و خەسارەتێکی گەورەی لە ئێمەدا، بۆیە ھیوادارین لە ئەنجامی ھەڵەکانی عێراق ئەو بارودۆخەی بەسەر ھەرێمی ھێناوە ھەموو کورد دەست لەناودەست میللەتی کورد لەم بارودۆخە ڕزگار بکەن و گەلی کورد بەئارامی بژی و بگاتە مافی خۆی، چونکە کاکە ئیدریسی ھەمیشە زیندوو لەسەر دەستی ئەو ئاشتبوونەوەی گشتی لە نێوان پارتی و یەکێتی واژوو کرد، کە دوای ململانێیەکی سەخت ئەو ئاشتیە ھاتە ئاراوە کە بتواندرێت لەناوخۆ زەبری کاریگەر لە ڕژێمی بەعسی ڕووخاو بدرێت.
بڵند ئیبراھیم - کاروان باعەدری




