ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی دارایی لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەی شاندی هەولێر و بەغدا لەسەر مووچە

بەغدا-KDP.info- وەزارەتی دارایی و ئابووری ھەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیاندراوێکدا، ئاشکرای کرد کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ لە کەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوە چووە و سبەی شەممەش بۆ چارەسەرکردنی تێبینییە ھونەرییەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتن لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانەوە، کۆدەبنەوە.
ئەمڕۆ ھەینی ٣١-١-٢٠٢٥، وەزارەتی دارایی و ئابووری ھەرێمی کوردستان، ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی وەزارەتی دارایی عێراق بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد: لە شاری بەغدا بە سەرپەرشتیی دکتۆر فوئاد حسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق، کۆبوونەوەیەکی ھاوبەش لە نێوان شاندی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و دکتۆر ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و دکتۆر ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون و شاندی وەزارەتی دارایی عێراق بە سەرۆکایەتی خاتوو تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بەڕێوەچوو.
وەزارەتی دارایی باسی لەوە کردووە: لە کۆبوونەوەکەدا کە ژمارەیەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی ھەردوو وەزارەت ئامادەی بوون، لە کەشێکی ئەرێنی و بەرپرسیارانەدا، گفتوگۆ لەسەر بوودجە و مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی ھەرێمی کوردستان کرا و تیشک خرایە سەر ئەو ڕاپۆرت و داواکارییانەی کە لەلایەن تیمی تەکنیکیی ھاوبەشی ھەردوولاوە لە سەر داواکاریی وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا لە ھەرێمی کوردستان ئامادەکرابوون، شاندی ھەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆیان دووپات کردەوە بۆ ھەماھەنگی و کاری ھاوبەش بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەری گشتگیر بۆ چەسپاندنی تەرخانکراوی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان لە ئەمساڵدا.
ھەر لە ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی داراییدا ھاتووە: لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، باس لە بەرەوپێشچوونەکانی پڕۆژەی (ھەژماری من) کرا و بە داتا و زانیاری ژمارەی تۆمارکراوان لە پڕۆژەکەدا خرایە ڕوو، ھاوکات لەلایەن تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی (ھەژماری من)ـەوە پلانی خۆیان بۆ دابەشکردنی مووچە خستە ڕوو، کە پێی پلانەکە بۆ ئەم مانگە نزیکەی ٢٧٤ ھەزار فەرمانبەر لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان بە شیوەی دیجیتاڵی مووچە وەردەگرن.
ئاشکراش کراوە: بڕیارە سبەی شەممە کۆبوونەوەکان لە نێوان تیمەکانی وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ بەردەوام بێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو تێبینییە ھونەرییانەی ماون، تا ھەردوولا بگەنە ڕێککەوتن لەسەر مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٥.




