وەزارەتی پێشمەرگە کاتی یەکخستنەوەی ھێزەکانی ٧٠ و ٨٠ی ڕاگەیاند

ھەولێر-KDP.info- بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە ڕەتی دەكاتەوە كە پلان هەبێت هەردوو فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی و بەرگری و فریاكەوتن بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و دەڵێ هەر لە وەزارەتی ناوخۆ دەمێننەوە، ئاشكراشی دەكات كە مانگی سێی داهاتوو، یەكەكانی حەفتا و هەشتای پێشمەرگە یەكدەخرێن و دەبن بە فەرماندەیی دەڤەر.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٣٠ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: پڕۆسەی یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە بە خێرایی بەڕێوەدەچێت، تا مانگی سێی ئەمساڵ ھێزەکانی ٧٠ و ٨٠ دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و تاکوو ئێستاش شەش فرقە ڕێکخراونەتەوە.
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: بە گوێرەی نەخشەی ھاوپەیمانان تا ساڵی ٢٠٢٦ پێویستە ھێزی پێشمەرگە یەک بخرێنەوە، پێشبینی دەکەین لەو وادەیە زووتر پڕۆسەکە تەواو بێت.
عەبدولخالق بابیری گوتیشی: تاکو ئێستا ھیچ بڕیارێک نییە کە ھێزی زێرەڤانی بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، چونکە کاری ئەوان جیاوازە و سەر بە وەزارەتی ناوخۆن.
ناوبارو ڕاشیگەیاند: ھاوکاری ھاوپەیمانان بەردەوامە و تا ئێستە ھیچ بڕیارێکمان دەربارەی ڕاگرتنی ھاوکاریی ھاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە بەدەست نەگەیشتووە.




