٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە دھۆک بەرھەمی گەورەترین پڕۆژەی ئاژەڵداری دەکەوێتە بازاڕەوە

سەرچاوە: KDP.info

دھۆک-KDP.info- بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە پارێزگای دھۆک دەڵێ، دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پڕۆژەی بەخێوکردنی مانگای شیردەری کردەوە، ئێستا مانگا ھاوردە کراون و ئەمساڵ بەرھەمیان دەکەوێتە بازاڕەوە، کە پڕۆژەکە شوێنی ٣ ھەزار مانگای شیردەری تێدا دەبێتەوە و کارگەی بەرھەمی شیرەمەنی و شوێنی چاندنی ئالیکیش لەخۆ دەگرێت.

رێدیر سدقی، لە لێدوانێکیدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: پڕۆژەی بەخێوکردنی مانگای شیردەر لە دھۆک تەواو بووە و ئێستا لە قۆناغی جێبەجێکردندایە، کە لەسەر ھەزار دۆنم زەوی دروست کراوە و بەردی بناغەی لەلایەن سەرۆکی حکوومەتەوە دانراوە، کە تەواویش بوو، سەرۆکی حکوومەت پڕۆژەکەی کردەوە و ئێستا نزیکەی ھەزار و ٥٠٠ مانگای شیردەر لە ھۆڵەندا ھاوردە کراون و لە ئێستادا ئاوسن و تازە دەزێن، کە بڕیارە ٣ ھەزار مانگا لەو پڕۆژە بەخێو بکرێن و ئەمساڵ بەرھەمیان دەکەوێتە بازاڕەوە.

سدقی گوتیشی: ئەم پڕۆژەیە، پڕۆژەیەکی زۆر گەورەیە و کارگەی شیرەمەنی و شوێنی چاندنی ئالیکی تێدایە بۆ مانگاکان و مانگاکانیش بەرھەمیان زۆرە و ھەر یەکێکیان ڕۆژانە نزیکەی ٥٠ کیلۆ شیر دەدەن، جگە لەوەش بڕیارە بەرھەمی شیری خەڵکیش وەرگرن، بۆ ئەوەی بەرھەمی خەڵکیش ساخ بێتەوە و بەرھەمەکانیش دەخرێنە بازاڕەوە، بۆ ئەوەی بەرھەمی ناوخۆ و خۆماڵی زیاد بێت، گومانیشی تێدا نییە خواستێکی باشی دەبێت، چونکە خەڵکی ئێمە حەزیان لە بەرھەمی ناوخۆ ھەیە زیاتر لەوەی ھاوردە.

ناوبراو باسی لەوەشکرد: ئێمە بەردەوام لە ھەوڵداین بۆ ئەوەی ئەو جۆرە پڕۆژانە زیاد بکرێن و ھانی وەبەرھێنەران دەدەین ئەو جۆرە پڕۆژانە لە ھەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە پارێزگای دھۆک زیادبن، بۆیە ھەر وەبەرھێنەرێک داوا بکات، ھاوکار و پاڵپشتی دەبین، چونکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دەدات.

بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ ڕوونیشیکردەوە: جگە لەوە پڕۆژەیەکی دیکەی بەخێوکردنی گۆلکیش لە باتێل ھەیە، کە ئێستا کەوتووەتە سەر ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لەوێش ٢٢ ھەزار گۆلک بەخێو دەکرێن، بۆیە گرنگیی زۆر لەم کابینەیەدا بە کەرتی ئاژەڵداری دراوە و بەردەوامیش لە بووژانەوەدایە، چونکە ئەو ھاووڵاتیانەی ئەو کارە دەکەن، سوودی لێ وەردەگرن و بەرھەمیشیان ساخ دەبێتەوە.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار