خولی حەوتەمی پیادەی فەرماندەیی پێشمەرگە کۆتاییهات

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٣٠ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، ڕێوڕەسمی کۆتاییھاتنی خولی حەوتەمی پیادەی فەرماندەیی پێشمەرگە لە سەربازگەی کانی قرژاڵە بەڕێوەچوو.
سیھاد بارزانی، فەرماندەی ھێزەکانی پشتیوانیی یەک، لە وتاری ڕێوڕەسمەکەدا گوتی: جێگەی شانازییە کە ئەمڕۆ ٣٠٠ سەربازی ئازا و دڵسۆز، بە سەرکەوتوویی ئەم خولەیان تەواو کرد.
ئاماژەی بەوەشکرد: خولی حەوتی پیادە لە ٢٨ ئەیلوولی ٢٠٢٤، دەستیپێکرد، پڕۆگرامەکە بەوردی دیزاینی بۆ کرابوو بۆ گەیشتن بە بەرزترین پلەی ستانداردی سەربازیی نێودەوڵەتی.
فەرماندەی ھێزەکانی پشتیوانیی یەک گوتیشی: لە چەند مانگی ڕابردوودا ئەو سەربازانە مەشقی چڕ و پڕیان لە بواری دیسپلین و سەربازیی ھەرەوەزی و شارەزایی سەرەکیی پیادە بۆ مەیدانی جەنگی مۆدێرن کرد، بۆیە ئەمڕۆ بەتەواوی ئامادەن بۆ خزمەتکردن و پاراستنی کوردستان.
سیھاد بارزانی جەختیش دەکاتەوە: فەرماندەیی ھێزەکانی پشتیوانیی یەک، وەک ھەمیشە بەردەوام دەبێت لەبەرەو پێشبردنی ئاستی زانست و زانیاریی سەربازی، وەک یەکەیەکی پیشەیی بە مەشق و ڕاھێنانی پراکتیکی لە ژێر ڕێنمایی وەزارەتی پێشمەرگە و ھێزەکانی ھاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، دژی تیرۆریستانی داعش و ھاوشێوەکانی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.
فەرماندەی ھێزەکانی پشتیوانیی یەک ڕاشیگەیاند: داوا لە ھێزەکانی ھاوپەیمانان دەکەم، ھاوکاریی سەربازیی و لۆجیستی ھێزەکانی پشتیوانیی یەک بکەن، چونکە دوژمنەکانمان لە ناوچەکە ھاوبەشن.




