٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێشوازیی له‌ باڵیۆزى فه‌ره‌نسا كرد

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٥/١/٢٩ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە دیدارێکدا لەگەڵ پاتریک دۆرێل باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق، دەربارەی پەیوەندییەکانی فەرەنسا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی ھەولێر - بەغدا، ھەوڵەکانی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و دۆخی سووریا و ناوچەکە، بیروڕایان گۆڕییەوە.

لە دیدارەکەدا دوایین پێشھاتەکانی گفتوگۆی ھەولێر - بەغدا و تیمەکانی ھەردوولایان تاوتوێ کرد و ھاوڕا بوون لەسەر گرنگیی بەردەوامیی گفتوگۆی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان لەسەر بنەمای لێکگەیشتن و دەستوور.

ھەردوولا بیروبۆچوونیان دەربارەی دۆخی سووریا و دوایین پێشھاتەکانی و پرسی کورد لەو وڵاتە تاوتوێ کرد. لەمبارەیەوە، جەختیان لە گرنگیی تەبایی و یەکدەنگیی کورد و پاراستنی مافەکانی تەواوی پێکھاتە جیا‌جیاکان لە سووریای نوێدا کردەوە.

گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکە و مەترسییەکانی تیرۆر و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی ھاوبەش، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو کە کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە ھەرێمی کوردستان ئامادەی بوو.

هەواڵی پەیوەندیدار